سەردێڕ:

بانکی ناوەندی ٢٥١ ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە؛ نرخی دۆلار لە خوار ١٤٧ هەزارە

PM:03:47:28/03/2024

9884 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی رایگەیاند، لەلایەن بانکەکان و زیاتر لە دوو هەزار گەشتیارەوە داواکاری بۆ کڕینەوەی زیاتر لە ٢٥١ ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی پێشکەش کراوە. لە ئێستاشدا لە بازاڕەکانی هەرێم ١٠٠ دۆلار بە ١٤٦ هەزار و ٩٠٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندی لە رێگەی سەکۆی تایبەتی ئەلیکترۆنی خستنەرووی دۆلارەوە رایگەیاند، لەلایەن حەوت بانکی عێراقەوە بۆ مامەڵەی گەشتیاری و بازرگانی داواکاری بۆ کڕینەوەی ٢٥١ ملیۆن و ٧٢٤ هەزار و ٢٣١ دۆلار بە نرخی فەرمی پێشکەش کراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەو رێژەیەش بە تێکڕا لەلایەن دوو هەزار و ١٧٦ گەشتیارەوە بڕی شەش ملیۆن و ٥٣٠ هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی ١٣٢٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک کڕدراوەتەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، بۆ رێگەگرتن لە گەڕانەوەی بازرگانانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ بازاڕەکانی عێراق بڕی ٢٤٥ ملیۆن و ١٩٤ هەزار و ٢٣١ دۆلار بە نرخی فەرمی و سیستمی بانکی بۆ بازرگانان دابین کراوە کە ئەوەش بە بەرزترین ئاستی فرۆشی حەواڵە دادەندرێت لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا.

یەکێکی تر لە هۆکارەکانی نزمبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار؛

ئەندامێکی شاندەکەی عێراق کە بۆ پرسی دۆلار و ئابووری و چەند پرسێکی دیکە سەردانی واشنتۆنیان کرد بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە میانەی کۆبوونەوە فراوان و یەک بەدوای یەکەکانیاندا لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر پاکتاوکردنی قەرزی بانکە ئەهلی و حکومییەکانی عێراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.

ئەوەشی خستە روو، بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە دۆلاردا، وادەکات کە دیناری زیاتر بگەڕێتەوە بانکەکان و بەوەش خواست لەسەر دۆلار کەمتر دەبێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی دۆلار بۆ ١٤٥ هەزار دینار و لەگەڵ رێکارەکانی بانکی ناوەندی دۆلار نزیک دەبێتەوە لە ١٤٠ هەزار دینار.

ئەمەش لە کاتێکدایە دوای ئەوەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە هۆی گۆڕانکاری لە ئاراستەی بازاڕدا، جارێکی دیکە نرخی دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینی و ١٠٠ دۆلار بە ١٤٦ هەزار و ٩٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەرپرسانی بەغداش دەڵێن، بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلار، سەرجەم مامەڵە داراییەکان لە دۆلارەوە دەکرێن بە دینار.













گەلەری