سەردێڕ:

راوێژکارێکی سودانی: تا کاتی چارەسەرکردنی کێشەکان ناردنی پارە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت

PM:07:59:26/03/2024

2980 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا کاتی چارەسەرکردنی کێشەکان ناردنی پارە بۆ هەرێم بەشێوەی گوژم بەردەوامی دەبێت. دەشڵێت،" وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق لابدات".


سبهان جیهاد راوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پرۆگرامی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بڕیاردراوە پارەی دیکە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، چارەسەرکردنی کێشەی هەرێم و بەغدا کاتی زیاتری دەوێت و ئەم هەفتەیە گفتوگۆی نوێ سەبارەت بە جێگیرکردنی مووچە دەست پێدەکات، ئەو کارانە دەکەن کە لە ژێر سەقفی دەستووردایە و هەرشتێک بەپێی دەستوربێت حکومەتی عێراق ئامادەیە جێبەجێی بکات.

ئەوەشی خستە روو، جێگیرکردنی مووچە نابێتە هۆی دەستبەسەرداگرتن و پێشێلکردنی مافەکانی حکومەتی هەرێم، جیاوازی لەنێوان مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و عێراق هەیە و بەپێی دەستور دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوتای عێراق بێت.

باسی لەوەش کرد، کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا کێشەی سیاسیی نییە بەڵکو کێشەی یاسایی و دەستورییە. دەشڵێت، "حکومەتی عێراق لەگەڵ جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە و دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ جێگیرکردنی مووچەدا نین و دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانەوێت لە بەغداوە پارەیان پێبدرێت و بەوشێوازە مووچە بدەن کە خۆیان دەیانەوێت".

راشیگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بڕیاربدات و حکومەتی عێراق هاوسۆزن لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم.

سبهان مەلا جیهاد دەشڵیت،" ناردنی پارە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت تا چارەسەری کێشەکان، ئەگەر مووچە جێگیر نەکرێت عێراق ناتوانێت مووچەبداتە هەرێم، بەڵام دەتوانێت بەشێوازی گوژمە پارە بنێرێت".

ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئەگەر هەرێم بیەوێت لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە ڕێکارەکانی ناردنی موچەی مانگی سێش دەکەن و بەمەش دوو موچە دابەش دەکرێت لەم ماوە کورتەدا.

سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمیش ڕایگەیاند، سبەی بڕیار لەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی دوو دەدەن.













گەلەری