سەردێڕ:

نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

AM:08:17:26/03/2024

704 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا نرخی نەوت بە رێژەی ٠.٣٥٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی بەهۆی ئەوەی بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی سیاسی و ئابووری ئاشتیان راگەیاند، ماوەی دوو رۆژە نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، لە ئێستاشدا بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ٨٦ دۆلار و ٧٨ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، بەگوێرەی پێنوێنی بازاڕی جیهانی نەوت، بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تەکساس بە ٨١ دۆلار و ٩٩ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە دوێنێ دووشەممە نرخەکەی بەرز بووەتەوە.

وەک هەوڵێک بۆ دابەزینی نرخی نەوت، رۆژی ٢٢ـی مانگی ئازار، هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە و شاندێکی ئەمریکا سەبارەت بە پرسی ئاسایش و سەقامگیربوونی ناوچەکە لە ریاز کۆبوونەوە و بۆ ئەو مەبەستەش تاوتوێی هەنگاوەکانی هەرسێ وڵاتەکە کرا بۆ کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییە هەرێمییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا لەوە زیاتر فراوانبوون بە خۆیەوە نەبینێت.

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە هەفتەکانی رابردوودا؛

هۆکاری بەرزبوونەوەکانی نەوت لە هەفتەکانی رابردوودا کە بە رێژەی ٤٪ بوو، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ماوەی شەش مانگە، جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل و گرژییەکانی دەریای سوور لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی و گروپە لەیاسادەرچووەکانی یەمەن سەری هەڵداوە و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بۆ سەروو ٨٠ دۆلار و هێرشەکانی ئۆکرانیاش بۆسەر کەشتییە نەوتی و کێڵگە نەوتییەکانی روسیاش نەوتی گەیاندووەتە سەروو ٨٥ دۆلار.













گەلەری