سەردێڕ:

بانکی ناوەندی لەبارەی قەرزی خانووبەرەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

PM:05:11:23/03/2024

1632 جار خوێندراوەتەوە

جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، قەرزی خانووبەرە نەوەستاوە و بەردەوامە، لە ئێستاشدا بانکەکان هیچ کێشەیەکی کەمی دیناریان نییە بۆیە دەتوانن سەرجەم بانکە حکومییەکان بەمەبەستی دەستەبەری خانووبەرە پارەدار بکەن. دەشڵێت، "هاوڵاتییان دەتوانن بەبێ هیچ گرفتێک قەرزی خانووبەرە وەربگرن".


ئەمڕۆ شەممە، عەمار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بانکەکان بەهۆی پڕۆسەی ئەلکترۆنییەوە هیچ گرفتێکی دیناریان نەماوە ئەوەش هاوکاردەبێت لە فراوانکردنی دەستەبەری خانووبەرە بۆ هاوڵاتییان.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا قەرزی خانووبەرە بەردەوامە، کە قەرزێکە تایبەتە بەو هاوڵاتییانەی داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ وەرگرتنی؛ بەمەبەستی کڕینی خانوو یاخود یەکەی نیشتەجێبوون. وتیشی، "قەرزی خانووبەرە بەردەوام دەبێت و سەرجەم ئەو بانکانەی کە راسپێردراون بۆ دەستەبەری قەرز پارەدار کراون".

باسی لەوەش کرد، بە گوێرەی سیاسەتی دراو هەوڵدەدرێت کە رێژەی سوودی بانکی لەگەڵ دەستەبەری قەرز و قەرزەکانی دیکەشدا هاوتا بکرێت، ئەوەش هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی هەڵاوسان لە نرخی خانووبەرەدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا رایگەیاند، قیستی خانووبەرە لە ١٥ ساڵەوە درێژکراوەتەوە بۆ ٢٠ ساڵ و بەبێ وەرگرتنی هیچ رێژەیەکی سوود لەسەر قەرزەکە، ئەوەش هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری و کرێی خانووبەرە.













گەلەری