سەردێڕ:

لە بەندەری جەیهانەوە بۆ موسڵ؛ کەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە؟

PM:12:05:23/03/2024

1904 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی هەمواری گرێبەستە نەوتییەکانەوە رایگەیاند، لە ئێستادا تاوتوێی پێشنیازی هەموارکردنەوەی بودجە دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی زانیارییەکانیش دەست بە نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی موسڵ – تورکیا کراوە بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم.


وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی بلۆمبێرگی راگەیاند، هەوڵدەدەن کە رێگایەکی تر بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم بدۆزنەوە و لە ئێستاشدا دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکوک – موسڵ – تورکیا و تا مانگی ئایار بۆرییەکان تەواودەکرێن.

ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ کرێی گواستنەوەی هەر بەرمیلیک نەوت بە گوێرەی رێککەوتنەکانیان لەگەڵ تورکیا ٧٠ سەنتە ئەگەر بڕی هەناردەكراو لە ٤٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاتربێت، ئەگەریش بڕی هەناردەکردن کەمتربێت لە ٤٠٠ هەزار بەرمیل ئەوە یەک دۆلار و ١٢ سەنت وەردەگیرێت.

ئەوەش خراتەوە روو، ئەو بۆریە لەناو كێلگەی نەوتی كەركوكەوە- k1ـەوە دەردەچێت و لە تەلوەرد – حەویجە پاشان لەوێشەوە بۆرییەکە درێژدەبێتەوە بۆ موسڵ تادەگاتە وێستگەی ئێم ئێس لە رۆژئاوای زاخۆ. هاوکات، لە وێستگەکە فەرمانبەری كۆمپانیای نەوتی باكووری لێیەو پێوانەی نەوتی رەوانەكراو دەکرێت.

لە بارەی گرێبەستە نەوتییەکانیشەوە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی بلۆمبێرگی راگەیاند، حکومەتی عێراق هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازی هەموارکردنەوەی بودجەی عێراق دەکات کە رێگەی پێدەدات شایستەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان بدات کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.

باسی لەوەش کرد، هەوڵدەدەن بە خێرایی کێشەی تێچووی دەرهێنانی نەوت چارەسەر بکەن و بە زووترین کات دەست بە هەناردەکردنەوە نەوتی هەرێم بکەنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەگەر هاتوو عێراق هەوڵبدات راستەوخۆ لە ریگای بۆری نەوتی کەرکوک -موسڵ – تورکیا نەوتی هەرێم هەناردە بکات ئەوە هەناردەی نەوتی هەرێم دەکەوێتە کۆتایی مانگی ئایارەوە.













گەلەری