سەردێڕ:

عێراق و ئەمریکا چارەنووسی ١٠ ملیار دۆلاری ئێران لە عێراق یەکلایی دەکەنەوە

AM:09:51:23/03/2024

1700 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی چارەنووسی دۆلارەکانی ئێران لە بانکی بازرگانی عێراق لەگەڵ بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گفتوگۆیان کردووە. وتیشی، "رێکارێکی نوێ دەگرنەبەر بۆ گەڕاندنەوەی ١٠ ملیار دۆلاری ئێران دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا لێخۆشبوونی بۆ دەرکرد".


وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی چارەنووسی پارەکانی ئێران لە بانکی بازرگانی عێراق لەگەڵ براین نیلسۆن بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆبووەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند پرسێکی ئابوری و دارایی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتەکە کراوە، لەلایەن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراقیشەوە داواکراوە کە پەیوەندی بازرگانی و ئابووری نێوان عێراق و ئەمریکا تەنها لە چوارچێوەی نەوتدا نەمینێتەوە فراوانتربکرێت.

باس لەوەش کراوە، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی چاکسازیەوە دوایین رێکار و هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عێراقی بۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا باسکردووە، لە بەرامبەریشدا براین نیلسۆن بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەوڵەکانی عێراقی بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی سیستمی دارایی بەرز نرخاندووە.

ئەوەش خراوەتە روو، لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، چارەنووسی ١٠ ملیار دۆلاری ئێران لە بانکی بازرگانی تی بی ئای یەکلایی کراوەتەوە بڕیاریشە میکانیزمیکی نوێ بگیرێتەبەر بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی ئێران، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ئەو ١٠ ملیار دۆلارە دەرکرد.

ئەوەش لە کاتێکدایە، چاوگێک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرسی دۆلار و پرسی ئاسایشی نێوان ئەمریکا و عێراق، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی واشنتۆنی کرد.













گەلەری