سەردێڕ:

خواردنی نان چی بەسەر جەستەتدا دەهێنێت؟

PM:06:21:20/03/2024

2784 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ زیادبوونی توێژینەوە زانستییەکانی تایبەت بە کاریگەریی خۆراکەکان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، خواردنی نان پرسیاری زۆر دەوروژێنێت سەبارەت بەوەی کە ئایا چی بەسەر جەستەمان دەهێنێت.


توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن، نان کاربۆهیدراتێکە کە بە ئاسانی هەرس دەکرێت و جەستەمان بە خێرایی دەیگۆڕێت بۆ گلوکۆز، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا.

بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن، بەرزبوونەوەی زۆری شەکری خوێن، بە تێپەڕبوونی کات، دەبێتە هۆی هەوکردن و زیادکردنی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکان، وەک نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەی جۆری دوو، وا لە مرۆڤ دەکات بە خێرایی هەست بە برسێتی بکاتەوە، هەر لەبەر ئەوەشە هەندێک کەس خواردنی نان وەک ئالوودەبوونێک دەبینن.

بریجیت بینێلام، پسپۆری خۆراکی دەڵێت، "بە بەراورد لەگەڵ خۆراکە نیشاستەییەکانی دیکەی وەک مەعکەرۆنی، برنج یان پەتاتە، نان رێژەی ئاوی کەمتری تێدایە و بەوهۆیەوە رێژەی کاربۆهیدراتەکەی زیاترە".

بۆ نموونە، نانی سپی نزیکەی ٤٨ گرام کاربۆهیدراتی تێدایە لە هەر ١٠٠گرامێکدا، لە کاتێکدا مەعکەرۆنی ٣٧ گرامی تێدایە، برنج ٢٧ گرام و پەتاتەی کوڵاو نزیکەی ١٧ گرام کاربۆهیدراتی تێدایە.

لای خۆیەوە دکتۆر سەلحە ئەحمەد، پزیشکی گەدە و ریخۆڵە ئاماژەی بەوە کردووە، "بەرزبوونەوەی شەکری خوێن دوای خواردن ئاساییە و بە گشتی کێشە دروست ناکات بۆ کەسانی تەندروست کە نەخۆشی شەکرەیان نییە."

باسی لەوەش کردووە، بەرزبوونەوەی شەکری خوێن بە رادەیەکی زۆر زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، بەڵام کاربۆهیدراتەکانی وەک نان پێویستە بۆ ئەوەی وزەی پێویست بۆ جەستە و مێشک دابین بکات بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان.

سەبارەت بە کاریگەری خواردنی نان لەسەر زیادبوونی کێش، شارەزای بواری خۆراک ڤانێسا کیمبۆڵ دەڵێت، "پەیوەستە بە چۆنیەتی دروستکردنی نانەکە و ئەو جۆرە دانەوێڵانەی کە تێیدایە، وەک نانی کەم ریشاڵ کە ئاستی ئەنسۆلین بەرزدەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش".

لە لایەکی ترەوە دانەوێڵەی تەواو یان ئەوانەی بڕێکی زۆر ریشاڵی تێدایە، خواردنیان بە بڕێکی کەم وادەکات بە زوویی هەست بە تێربوون بکەیت.














گەلەری