سەردێڕ:

ئەمریکا: جارێکی دیکە ئاستی هاوردەکردنی نەوتی عێراق دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە

AM:11:53:17/03/2024

748 جار خوێندراوەتەوە

کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، ئاستی هاوردەکردنی نەوت لە هەفتەی رابردوودا بە رێژەی زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل دابەزینی بەخۆیەوە دیوە، لە هەمانکاتدا هاوردەکردنی نەوتی عێراق بۆ کەمتر لە ١٠٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژی ٩ـی ئازار تا ١٦ـی ئازار لە هەشت وڵاتی هەناردەکاری جیهانی نەوتەوە بە تێکڕا چوار ملیۆن و ٦٩١ هەزار بەرمیل نەوت هاوردە کراوە، بەراورد بە هەفتەی یەکەمی ئەم مانگە بەرێژەی ٢٥٪ دابەزینی بەخۆیەوە دیوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەو ماوەیەشدا ئاستی هاوردەکردنی نەوتی رۆژانە لە عێراقەوە بە هەمان شێوەی جیهان بە رێژەی ٥٣٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینوە و بە تێکڕا ٩٣ هەزار بەرمیل نەوت هاوردە کراوە. دەشڵێت، "لە دوو هەفتەی رابردوودا ئاستی هاوردەکردنی رۆژانەی نەوت لە عێراقەوە ١٧٦ هەزار بەرمیل بووە".

ئەوەش خراوەتە روو، لە هەفتەی رابردوودا عێراق پلەی سێیەمی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای هەبووە، لە کاتێکدا هەفتەکانی رابردوو پلەی دووەمی هەبووە لە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریکا.

کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا هۆکاری کەمبوونەوەی هاوردەکردنی نەوتی گەڕاندەوە بۆ پابەند بوونی عێراق بە بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەس سەبارەت بە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی رۆژانەی ٢٢٠ هەزار بەرمیل بۆ بازاڕەکانی جیهان ئەوەش وای کردووە ئاستی هاوردەکردن دابەزین بەخۆیەوە ببینێت تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ.

ئەوەش لە کاتێکدایە، کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراقەوە هاوردەکراوە و بە تێکڕا رۆژانە ١٧٣ هەزار بەرمیل نەوت بووە. دەشڵێت، "عێراق لەماوەی مانگی ١ و ٢دا نزیکی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە و بەوەش لە پلەی دووەمی وڵاتانی عەرەبیدا ماوەتەوە".













گەلەری