سەردێڕ:

نەوت لە بەرزترین ئاستی پێنج مانگی رابردوودا جێگیرە

AM:08:19:17/03/2024

692 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ئۆکرانیا کێڵگەیەکی نەوتی روسیای تەقاندەوە نرخی نەوت بە رێژەی ٤٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، لە ئێستاشدا یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٨٥ دۆلار و ٣٤ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، هاوکات بۆ عێراقیش داهاتی رۆژانەی نەوتی بەرێژەی ٤٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیووە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا.


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەگوێرەی پێنوێنی بازاڕی جیهانی نەوت، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساس بە ٨١ دۆلار و چوار سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەوەش بەراورد بە دوێنی نرخەکەی بە جێگیری ماوەتەوە.

شەوی ١٤ـی ئازار نرخی نەوت بەڕێژەی ١.٥٢٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٨٥ دۆلار و ٣٠ سەنت مامەڵەی پێوەکرا و یەک بەرمیل نەوتی خاوی رۆژئاوای تیکساس بە ٨١ دۆلار و ١٧ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هۆکاری بەرزبوونەوەکانی نەوت بە رێژەی ٤٪ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ماوەی شەش مانگە، جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل و گرژییەکانی دەریای سوور لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی و گروپە لەیاسا دەرچووەکانی یەمەن سەری هەڵداوە، ئەو گروپە لەیاسا دەرچووانە هێرشدەکەنە سەر کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لە دەریای سور و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بۆ سەروو ٨٠ دۆلار، و هیرشەکانی ئۆکرانیاش بۆ سەر کەشتیە نەوتی و کێڵگە نەوتیەکانی روسیاش نەوتی گەیاندووەتە سەروو ٨٥ دۆلارەوە.

لەلایەکی تریشەوە چاودێرانی ئابووری عێراق ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت دەگەڕێننەوە بۆ کەمبوونەوەی نەوتی خاو لە کۆگاکانی ئەمریکادا و زۆربوونی خواستی جیهانی لەسەر نەوتی خاو هاوکات فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییە هەرێمییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکارێکی بەردەوامە.

دەشڵێن، " سەرەڕای ئەوەی کە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و داهاتی نەوتی عێراق بەرێژەی ٤٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام بەهۆی پابەند بوون بە بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی هەناردەکردنی رۆژانە داهاتی نەوتی وەک خۆی دەمێنێتەوە لە سەر ئاستی مانگەکە".













گەلەری