سەردێڕ:

بانکی ناوەندی لە دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە دوو ملیار دۆلاری فرۆشتووە

PM:04:35:16/03/2024

724 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی رایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بە بانکەکان و بازرگانانەوە فرۆشراوە، کە لەو رێژەیەش فرۆشی حەواڵە ٩١.٣٪ تێکڕای فرۆشی پێکهێناوە.


ئەمڕۆ شەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە رێگای سەکۆی ئەلیکترۆنی تایبەت بە خستنەڕووی دۆلار رایگەیاند، لەماوەی ١٠ رۆژی خستنەڕووی دۆلاری فەرمی بەشێوەی کاش و حەواڵە بە تێکڕا دوو ملیار و ١٥٨ ملیۆن و ٥٣٤ هەزارو ٢٠٣ ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی بانکەکە فرۆشراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەو رێژەیە ٨.٧٪ـی بەشێوەی کاش بووە کە بەرامبەرە بە ١٧٩ ملیۆن و ٧٧٨ هەزار دۆلار بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک و بەراورد بە دوو هەفتەی یەکەمی مانگی رابردوو ئاستی فرۆشی کاش بە رێژەی ٥٢٪ زیادی کردووە.

هاوکات عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی فراوانکردنی ئاستی بازرگانی ناوخۆی و دەرەکی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە بانکە سزادراوەکان بۆ کەمکردنەوەی سزاکان لە گفتوگۆدان. وتیشی، "بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرز دەکەنەوە".

وردەکاری فرۆشی هەفتەی یەکەمی بانکی ناوەندی؛

رۆژی یەکشەممە ٣ـی ئازار، کۆی فرۆش ٢١٦ ملیۆن و ٩٨ هەزار و ٥٤٤ دۆلار بووە، لەو بڕەش، ١٧٧ ملیۆن و ٨٧٨ هەزار و ٥٤٤ دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و ٣٨ ملیۆن ٢٢٠ هەزار دۆلاری بە شێوەی کاش بووە.

رۆژی دووشەممە ٤ـی ئازار، کۆی فرۆش ٢٠٨ ملیۆن و ٣٨٦ هەزار و ١٨٤ دۆلار بووە، لەو بڕەش، ١٩٣ ملیۆن و ٧٩٦ هەزار و ١٨٤ دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و ١٤ ملیۆن و ٥٩٠ هەزار دۆلاری بە شێوەی کاش بووە.

رۆژی سێشەممە ٥ـی ئازار، کۆی فرۆش ٢١٣ ملیۆن و ٦٩٤ هەزار و ٦٦٠ دۆلار بووە، لەو بڕەش، ١٨٤ ملیۆن و ٨٢٤ هەزار و ٦٦٠ دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و ٢٨ ملیۆن و ٨٧٠ هەزار دۆلاری بە شێوەی کاش بووە.

رۆژی چوارشەممە ٦ـی ئازار، کۆی فرۆش ٢١٠ ملیۆن و ٩٣٢ هەزار و ٧٠٣ دۆلار بووە، لەو بڕەش، ٢٠١ ملیۆن و ٨٥٢ هەزار و ٧٠٣ دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و نۆ ملیۆن و ٨٠ هەزار دۆلاری بە شێوەی کاش بووە.

رۆژی پێنجشەممە ٧ـی ئازار، کۆی فرۆش ٢٠٥ ملیۆن و ٤٥٧ هەزار و ٧٥٠ دۆلار بووە، لەو بڕەش، ١٩٥ ملیۆن و ٥٨٧ هەزار و ٧٥٠ دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و نۆ ملیۆن و ٨٦٠ هەزار دۆلاری بە شێوەی کاش بووە.

ئاستی فرۆشی بانکەکە لە هەفتەی دووەمدا ؛ ئاستی حەواڵە بەرزترین ئاستبووە

فرۆشی رۆژی یەکشەممە ١٠ـی ئازار، بە تێکڕا ٢٠٩ ملیۆن و ٤٢٦ هەزار و ٥٨٤ دۆلار فرۆشراوە و لەو رێژەیەش زیاتر لە ١٩٢ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە.

رۆژی دووشەممە ١١ـی ئازار، ٢١٣ ملیۆن و ٤١٩ هەزار و ٦٨ دۆلار فرۆشراوە کە لەو رێژەیەش نزیکی ١٩٦ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە .

رۆژی سێشەممە ١٢ـی ئازار، ئاستی فرۆشی دۆلار بۆ ٢٢٠ ملیۆن دۆلار بەرزکرایەوە و لەو رێژەیەش ١٩٦ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە.

رۆژی چوارشەممە ١٣ـی ئازار، ئاستی فرۆشی دۆلار لە دووەم بەرزترین ئاستدا بووە و بە تێکڕا نزیکی ٢٢٥ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە لەو رێژەیەش بەرزترین رێژەی حەواڵەی دەرەکی هەبووە کە نزیکی ٢١٤ ملیۆن دۆلار بووە.

رۆژی پێنجشەممە ١٤ـی ئازار، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا بەرزترین ئاستی فرۆشی دۆلاربووە کە بە تێکڕا نزیکی ٢٣٦ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە و لەو رێژەیەش نزیکی ٢٢٧ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵە بووە.













گەلەری