پاش ئەوەی شەوی رابردوو نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی چوار مانگی رابردوو، ئەمڕۆش نرخی نەوت لە بەرزیدایە و یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٨٥ دۆلار و ٢٢ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەمەش بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی یەک دۆلار و ١١ سەنت بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، بەگوێرەی پێنوێنی جیهانی نەوت، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساس بە ٨١ دۆلار و هەشت سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەوەش بەراورد بە دوێنی نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
شەوی رابردوو، نرخی نەوت بەڕێژەی ١.٥٢٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بەرمیلێک نەوتی خاوی برینت بە ٨٥ دۆلار و ٣٠ سەنت مامەڵەی پێوەکرا و یەک بەرمیل نەوتی خاوی رۆژئاوای تیکساس بە ٨١ دۆلار و ١٧ سەنت مامەڵەی
پێوەکرا.
چاودێرانی ئابووریش ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت دەگەڕێننەوە بۆ کەمبوونەوەی
نەوتی خاو لە کۆگاکانی ئەمریکادا و زۆربوونی خواستی جیهانی لەسەر نەوتی خاو هاوکات
فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییە هەرێمییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ماوەی شەش مانگە ، جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل و گرژیەکانی دەریای
سوور لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی و گروپە لەیاسا دەرچووەکانی یەمەن سەری
هەڵداوە، ئەو گروپە لەیاسا دەرچووانە هێرشدەکەنە سەر کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت
لە دەریای سور و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بۆ سەروو
٨٠ دۆلار.