سەردێڕ:

جارێکی دیکە نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی چوار مانگی رابردوو

PM:10:25:14/03/2024

3860 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر بوو نرخی نەوتی بەڕێژەی ١.٥٢٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و لە ئێستاشدا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برینت بە ٨٥ دۆلار و ٣٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.


دوای ئەوەی نرخی نەوت بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە نزمیدا جێگیر بوو، کەمیک پێش ئێستا نرخی نەوت بەرزبووەوە و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی رۆژئاوای تیکساس بە ٨١ دۆلار و ١٧ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەمەش بەراورد بە دوو کاتژمێری رابردوو نرخەکەی یەک دۆلار و ١٨ سەنت بەرزبووەتەوە.

لەلایەکی تریشەوە بەهۆی کوالێتی نەوتەوە، عێراق نەوتەکەی لە بازاڕەکاندا بە چوار دۆلار کەمتر دەفرۆشێت و لە ئێستاشدا یەک بەرمیل نەوتی عێراق بە ٨١ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هاوکات چاودێرانی ئابووریش ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت دەگەڕێننەوە بۆ کەمبوونەوەی نەوتی خاو لە کۆگاکانی ئەمریکادا و زۆربوونی خواستی جیهانی لەسەر نەوتی خاو هاوکات فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییە هەرێمییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەلایەکی تریشەوە دوینێ چوارشەممە، فڕۆکە بێ فرۆکەوانەکانی ئۆکرانیا، یەکێک لە پاڵاوگە گەورەکانی نەوتی روسیایان کردە ئامانج بە ناوی روسنفت، کە ئەو هێرشە بەیەکێک لە هێرشە بەهێزەکانی ئۆکرانیا دانرا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، ئەوەش راستەوخۆ کاریگەری خێرای لەسەر نرخی نەوتی خاو دروست کرد بەوەی کە ئاستی دەستڕاگەیشتنی جیهان بە نەوت بەرێژەی ٨٪ کەمبووەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی شەش مانگە، جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل و گرژییەکانی دەریای سوور لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی و گروپە لەیاسا دەرچووەکانی یەمەن سەری هەڵداوە، ئەو گروپە لەیاسا دەرچووانە هێرشدەکەنە سەر کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لە دەریای سوور و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بۆ سەروو ٨٠ دۆلار.













گەلەری