سەردێڕ:

نوێترین لێدوانی حکومەتی عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم

PM:09:58:13/03/2024

58364 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوام دەبێت. دەشڵێت، "وەزارەتی دارایی عێراق پابەندە بە ناردنی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆرانی هەرێم".


ئەمڕۆ چوارشەممە، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەپێی رێکارەکان بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەم ئەو زانیارییانە دوورن لە راستییەوە کە گوایە ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم رادەگیرێت.

ئەوەشی خستە روو، وەزارەتی دارایی عێراق پابەندە بە ناردنی پارە بۆ هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆرانی هەرێم، هەروەها وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق و هەرێم بە هەماهەنگی کاردەکەن بۆ تەواوکردنی پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە خێرایی.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە، وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە ٥٦٠ ملیار دیناری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێم کردووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام تا ئێستا هەرێم ئامادە نییە ئەو پارەیە وەربگرێت و لەگەڵ داهاتی ناوخۆدا مووچەی مانگی دووی پێ دابەش بکات.

لەسەر ئەو پرسەش، وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، حکومەتی عێراق پارەی مووچەی خستووەتە سەر هەژماری بانکیی هەرێم، بەڵام ئەوان تا ئێستا دەستکاری ئەو پارەیەیان نەکردووە.













گەلەری