شارەزایانی بازاڕی وزە پێیان وابوو لە ئەنجامی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دەریای سور نرخی نەوت بەردەوامدەبێت لە بەرزبوونەوە، بەڵام لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٨١ دۆلار و ٥٢ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەمەش بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی لە نزمیدا جێگیرە.
ئەمڕۆ دووشەممە، بە پێی راپۆرتە جیهانییەکان و پێنوێنی جیهانی نەوت بە هەمان شێوەی نەوتی برێنت نرخی نەوتی رۆژئاوای تێکساس لە نزیمدا ماوەتەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی خاو بە ٧٧ دۆلار و ٤٣ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لەلایەکی تریشەوە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی رۆژانەی
نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان لەلایەن وڵاتانی بەژداربووی ئۆپیک پڵەس بەتایبەت عێراق و
سعودیە لە وڵاتانی عەرەبیدا نەبووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەڵکوو تا ئاستێکی
بەرچاو بە جێگیری ماوەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند،
بەمەبەستی سەقامگیربوونی خواست و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا جارێکی دیکە بڕیاری
کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان تا رۆژی ١ـی حوزەیران
درێژکرایەوە.
ماوەی نزیکەی شەش مانگە بەهۆی جەنگی نێوان حەماس
و ئیسرائیل لە دەریای سور گرژیی لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانیدا و گروپە لەیاسا
دەرچووەکانی یەمەن سەری هەڵداوە و ئەو گروپە لەیاسا دەرچووانە هێرشدەکەنە سەر کەشتییەکانی
گواستنەوەی نەوت لە دەریای سور و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا
بۆ سەروو ٨٠ دۆلار.