سەردێڕ:

نرخی نەوت لە نزمیدا ماوەتەوە

AM:08:13:10/03/2024

1000 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایانی بازاڕی وزە پێیان وابوو لە ئەنجامی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دەریای سور نرخی نەوت بەردەوامدەبێت لە بەرزبوونەوە، بەڵام لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٨٢ دۆلار و ٨ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەمەش بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی لە نزمیدا جێگیرە. دەشڵێن، "وڵاتانی جیهان دووچاری کەمی دەستراگەیشتن بە نەوت نەبوونەتەوە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، بە پێی راپۆرتە جیهانییەکان و پێنوێنی جیهانی نەوت بە هەمان شێوەی نەوتی برێنت نرخی نەوتی رۆژئاوای تێکساس لە نزیمدا ماوەتەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی خاو بە ٧٨ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لەلایەکی تریشەوە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی رۆژانەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان لەلایەن وڵاتانی بەژداربووی ئۆپیک پڵەس بەتایبەت عێراق و سعودیە لە وڵاتانی عەرەبیدا نەبووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەڵکوو تا ئاستێکی بەرچاو بە جێگیری ماوەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، بەمەبەستی سەقامگیربوونی خواست و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا جارێکی دیکە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان تا رۆژی ١ـی حوزەیران درێژکرایەوە.

ماوەی نزیکەی شەش مانگە بەهۆی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە دەریای سور گرژیی لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانیدا و گروپە لەیاسا دەرچووەکانی یەمەن سەری هەڵداوە و ئەو گروپە لەیاسا دەرچووانە هێرشدەکەنە سەر کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لە دەریای سور و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بۆ سەروو ٨٠ دۆلار.














گەلەری