سەردێڕ:

بانکی ناوەندی رێکارێکی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆلار جێبەجێ دەکات

PM:12:46:09/03/2024

1704 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەمەبەستی سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار، رێژەی سوودی بانکیی دیناری عێراقی لە بانکەکاندا بەرز دەکرێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی دینار لە بانکەکان و بازاڕەکاندا. دەشڵێت، "بە رێژەیەکی بەرچاو هاوڵاتیان سوودمەند بوون لە گۆڕانکاری مامەڵە داراییەکان لە دۆلارەوە بۆ دینار".


ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ناوخۆدا، رێژەی سوودی بانکیی دیناری عێراقی بەرز دەکرێتەوە بەراورد بە دۆلار و دراوەکانی دیکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا ئاستی رۆژانەی ئاڵوگۆڕی مامەڵە داراییەکان لە دۆلارەوە بۆ دینار بەرێژەی ٦٪ لە بەرزبوونەوەدایە و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی مانگی حوزەیران بەشێکی زۆری مامەڵە داراییەکان بکرێتە ئەلیکترۆنی. دەشڵێت، "دۆلاری فەرمی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دەدرێت بە بانکەکان و نوسینگەکان بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئاستی پشتپێبەستنی هاوڵاتیان بە بازاڕەکانی تری دراو".

لەلایەکی تریشەوە، رۆژی ٦ـی مانگی شوباتی ئەمساڵ، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی گۆڕانکاری لە مامەڵە داراییەکان لە دۆلارەوە بۆ دینار ریژەیەکی زۆری دینار گەڕاوەتەوە بانکەکان و بە تێکڕاش ئاستی مامەڵەکردنی دینار لە ناوخۆدا بۆ زیاتر لە ١٠٠ ترلیۆن دینار بەرز بووەتەوە.

ئەوەش لە کاتیکدایە، بانکی ناوەندیی عێراق لە هەفتەی رابردوودا، زیاتر لە ملیارێک دۆلاری فرۆشتووە، لەو بڕەش زیاتر لە ٩٥٣ ملیۆن دۆلاری بە شێوەی حەواڵە بووە و زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلاریشی بە شێوەی کاش بووە.













گەلەری