سەردێڕ:

وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا کۆتایی هات

PM:02:23:08/03/2024

40576 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا تەواو کردووە.


ئەمڕۆ هەینی، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا باسی لەوە کرد، وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەواو کراوە و ئەنجامەکانی ئاڕاستەی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کراوە.

شەوی رابردووش، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئین ئاڕ تی راگەیاند "ئەگەر هیچ هەڵەیەک نەبێت لە زانیاریەکانی لیستی موچەی هەرێمدا و تەیف سامی پەسەندی بکات، رۆژی یەکشەممە پارەکە بۆ هەرێم دەنێردرێت".

باسی لەوەش کرد، ئەگەر حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم ئاستەنگی دروست نەکات مووچەی مانگی سێ بە کارتی بانکی رەوانەی مووچەخۆران دەکرێت، چونکە هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین ئامادەییان دەربڕیوە بۆ دەستکردن بە دروستکردنی هەژماری ئەلیکترۆنی لە ٢٥ رۆژدا.

راشیگەیاند، دەکرێت ئەو لیستانەی هەرێم بۆ بەغدای ناردووە بڕیاریان لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی لەماوەی مانگێکدا بکرێن بە ئەلیکترۆنی و لەرێگەی بانکی رەشید و رافیدەینەوە کارتی بانکی بۆ مووچەخۆران دروست بکرێت.

 

گۆران عەبدوڵا- بەغدا













گەلەری