سەردێڕ:

بەهۆی گرژییەکانی دەریای سورەوە؛ نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

AM:08:19:08/03/2024

624 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دەریای سور نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٨٣ دۆلار و ٤١ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی بەرزبووەتەوە.


ئەمڕۆ هەینی، بە گوێرەی پێنوێنی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا تێکڕای دەستخستنی بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٧٩ دۆلار و ٥٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بە هەمان شێوەی نەوتی خاوی برێنت نرخەکەی بەرزبووەتەوە.

بەهۆی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە دەریای سور گرژیی لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانیدا و گروپە لەیاسا دەرچووەکانی یەمەن سەری هەڵداوە و ئەو گروپە لەیاسا دەرچووانە هێرشدەکەنە سەر کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لە دەریای سور و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا.

هاوکات، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، بەمەبەستی سەقامگیربوونی خواست و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا جارێکی دیکە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان تا رۆژی ١ـی حوزەیران درێژکرایەوە.

سەبارەت بە کەمکردنەوەی کۆمەڵەکەش ئەوە خراوەتە روو، روسیا بە تێکڕا بڕی ٤٧١ هەزار بەرمیل کەمتر هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات و سعودیەش یەک ملیۆن بەرمیل کەمتر هەناردە دەکات.

لەلایەکی تریشەوە جەخت لەوەش کراوەتەوە، عێراق لەپێناو سەقامگیرکردنی بازاڕ بەشێوەی خۆبەخشانە ٢٢٠ هەزار بەرمیل کەمتر هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات، کە ئەوەش هاوکار دەبێت لە سەقامگیربوونی بازاڕ بەڕێژەی ٥٪.

رۆژی ٤ـی ئازار وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی ٢٢٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ.













گەلەری