سەردێڕ:

بانکی ناوەندیی زیاتر لە ٢١٣ ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە

AM:11:42:05/03/2024

15032 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بە تێکڕا بڕی زیاتر لە ٢١٣ ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە کە زیاتر لە ٢٨ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش بووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە سەکۆی ئەلیکترۆنی تایبەت بە فرۆشی دراوە بیانییەکانی عێراق رایگەیاند، لە تێکڕای خستنەڕووی رۆژی ٥ـی ئازاردا ٢١٣ ملیۆن و ٦٩٤ هەزار و ٦٦٠ دۆلار فرۆشراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەو رێژەیە ٢٨ ملیۆن و ٨٧٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش بووە، بەراورد بە رێژەی کاش لە ٣ـی ئازار کەمتر بووە کە لەو رۆژەدا رێژەی کاش ٣٨ ملیۆن و ٢٢٠ هەزار دۆلار بووە.

باسی لەوەش کرد، ئاستی فرۆشی حەواڵەی دەرەکی زیادیکردووە و بە تێکڕا ١٨٤ ملیۆن و ٨٢٤ هەزار و ٦٦٠ دۆلار کڕدراوەتەوە بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندیی.

هاوکات، بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کەمکردنەوەی ئاستی فرۆشی حەواڵەی دەرەکی بە دۆلار بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، دراوی یۆرۆ و یێنی چینی و لیرەی تورکی لەگەڵ درهەمی ئیماڕاتی و روپیەی هیندییان وەکو جێگرەوەیەک بۆ دۆلاری ئەمریکی بۆ بازرگانان دابین کردووە تاوەکو بۆ کاری بازرگانی بەکاری بهێنن.

لە ئێستاشدا، لە بازاڕی دراوەکانی هەرێم دوای ئەوەی دۆلار نزمترین ئاستی پێنج مانگی رابردووی تۆمار کرد و گەیشتە ١٤٩ هەزار و ٨٠٠ دینار، ١٠٠ دۆلار بە ١٥٠ هەزار و ٢٥٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.













گەلەری