سەردێڕ:

بانکی ناوەندی: فرۆشی کاش بەراورد بە ساڵی رابردوو لە بەرزترین ئاستدایە

AM:09:59:02/03/2024

812 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بە تێکڕا لەلایەن بانکەکانەوە داواکاری بۆ کڕینی زیاتر لە ملیارێک دۆلار پێشکەشکراوە و بۆ هەر رۆژێک زیاتر لە ٢١٠ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە لەو رێژەیەش ١٥٪ بە شێوەی کاش بووە. کە ئەوەش بەرزترین ئاستە بەراورد بە ساڵی رابردوو.


ئەمڕۆ شەممە، بانکی ناوەندی عێراق لە سەکۆی تایبەت بە خستنەرووی دراوە بیانییەکان رایگەیاند، لە تێکڕای فرۆشی دۆلار لە رۆژی ٢٥ تا ٢٩ـی شوبات، ملیارێک و ٥٢ ملیۆن و ٧٩٦ هەزار و ٨٦ دۆلار بە نرخی فەرمی فرۆشراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، تێکڕای دابینکردنی خواستی ناوخۆ لەلایەن بانکی ناوەندیەوە بۆ هەر رۆژێک ٢١٠ ملیۆن و ٥٥٩ هەزار و ٢١٧ دۆلار بە شێوەی کاش و حەواڵە خراوەتەڕوو لەو رێژەیەش ١٥٪ بەو شێوەی کاشبووە کە بەرامبەرە بە ٣١ ملیۆن و ٢٤٢ هەزار دۆلار، ئەوەش بەبەرزترین ئاستی فرۆشی کاشی رۆژانە دادەندرێت لە ماوەی ١٢ مانگی رابردوودا.

باس لەوەش کراوە، لەماوەی هەفتەی رابردوودا بە تێکڕا ١٥٦ ملیۆن و ٢١٠ هەزار دۆلار خراوەتە روو کە ئەوەش بە بەرزترین ئاستی فرۆشی کاش دادەندرێت لە ماوەی ساڵی رابردوودا، بە تێکڕاش ٨٩٦ ملیۆن و ٥٨٦ هەزار و ٨٦ دۆلار بەشێوەی حەواڵە فرۆشراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەرزترین رێژەی فرۆش بەشێوەی کاش لە رۆژی ٢٥ـی شوباتدا بووە کە بە نزیکی ٤٠ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە و کەمترین رێژەی فرۆشی نەختینە لە رۆژی ٢٨ـی شوباتدا بووە و کە بە تێکڕا ٢٠ ملیۆن و ٦٢٠ هەزار دۆلار فرۆشراوە.

هاوکات بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، قەبارەی مامەڵەکردنی دراو لە بانکە عێراقییەکاندا بۆ زیاتر لە ١٨٠ ترلیۆن دینار بەرز بووەتەوە. وتیشی، "یەدەگی دراوی بیانی گەیشتووەتە ١٤٨ ترلیۆن دینار".

جەختیشی لەوە کردەوە، لە ئێستادا لە عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی زیادی کردووە و بەهۆی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقەوە هاوڵاتییان روویان لە بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی کردووە لە کاروبارەکانی رۆژانەیاندا هەربۆیە ئاستی فرۆشی کاش بە شێوەیەکی بەرچاو خواستی تەواوی گەشتیاران پڕدەکاتەوە.













گەلەری