سەردێڕ:

وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی: نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت

PM:04:35:29/02/2024

2468 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا ئاڕاستەی نرخی دۆلار بەرەو نزمبوونەوەیە ئەوەش بەهۆی زیادبوونی خستنەڕووی دۆلاری کاش لەلایەن بانکی ناوەندیی و چەند هۆکارێکی دیکە کە کاریگەریان لەسەر دابەزینی نرخی دۆلار هەیە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەبار گۆران وتەبێژی بازاری دۆلارەکەی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، خستنەڕووی دۆلاری کاش لەلایەن بانکی ناوەندییەوە زیادی کردووە و ئەوەش هۆکار بووە بۆ دابەزینی نرخی دۆلار و جێگیربوونی لە ١٥٠ هەزار دیناردا.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی دۆخی سیاسی و ئابووری عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە بینی هەموو رێکارەکانی بانکی ناوەندیی ئاڕاستەی خۆیان وەرگرتووە و پێشبینیش دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوودا دۆلار دابەزێت بۆ ١٤٥ هەزار دینار.

باسی لەوەش کرد، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆلار و سپیکردنەوەی دۆلار بانکی ناوەندیی سەرجەم مامەڵەکانی حەواڵەکردن و نەختینەی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا راگرتووە و لە ئێستاشدا کۆمەڵێک بانکی دیکە لەژێر لێکۆڵینەوەدان. وتیشی،" بە گوێرەی بەداواداچونەکان رۆژانە بانکی ناوەندیی پێویستە ٣٠ بۆ ٣٥ ملیۆن دۆلاری کاش بخاتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی دۆلار دابەزینی زیاتر بە خۆیەوە ببینیت".

ئەوەشی خستە روو، دوای ئەوەی پشووی سەری ساڵی چینی تەواوبوو مامەڵەی بازرگانی نێوان عێراق و دینار دەستپێدەکاتەوە و دینارێکی زۆر دێتە بازاڕەوە و بە تێکڕاش خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بازرگانە چینییەکانەوە بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ زیاتردەبێت و ئەوەش هۆکارێک دەبێت بۆ دابەزینی زیاتری دۆلار.

ئەوەش لە کاتێکدایە بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، تێکڕای خستنەڕووی دۆلاری کاش و حەواڵە بۆ بانکەکان زیاتر بووە لە ٢١٢ ملیۆن دۆلار و لەو رێژەیەش زیاتر لە ٣٧ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاشبووە کە ئەوەش بە دووەم بەرزترین رێژەی فرۆشی کاش دادەنرێت لە دوو مانگی رابردوودا هاوکات ١٧٥ ملیۆن و ٢٧٤ هەزار و ٧٢٣ دۆلاری بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە.













گەلەری