سەردێڕ:

بانکی ناوەندی: یەدەگی دراوی بیانی بۆ ١٤٨ ترلیۆن دینار بەرز بووەتەوە

PM:05:03:28/02/2024

1092 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، قەبارەی دانانی پارە لە بانکە عێراقییەکاندا بۆ زیاتر لە ١٨٠ ترلیۆن دینار بەرز بووەتەوە. دەشڵێت، "یەدەگی دراوی بیانی گەیشتووەتە ١٤٨ ترلیۆن دینار".


ئەمڕۆ چوارشەممە عەمار حەمد جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی عێراق هەموو رێکارێک دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی ئاستی بانکە عێراقییەکان بەرزبکاتەوە. وتیشی " لە ئێستادا کەرتی بانکی لە عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینیوە".

ئاماژەی بەوەش کردووە ، لە ساڵی رابردوودا قەبارەی دانانی پارە لە بانکە عێراقییەکاندا بۆ زیاتر لە ١٨٠ ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە و پێدانی قەرزیش لە هەمان ساڵدا لە ٦٠ ترلیۆنەوە بۆ ٦٩ ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە.

دەشڵێت،" قەبارەی یەدەگی دراوی بیانی لە ١٤٠ ترلیۆنەوە گەیشتووەتە ١٤٨ ترلیۆن دینار لە بانکە عێراقییەکاندا".

جەختیشی لەوە کردەوە، لە ئێستادا لە عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی زیادی کردووە و بەهۆی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقەوە هاوڵاتییان روویان لە بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی کردووە لە کاروبارەکانی رۆژانەیاندا.













گەلەری