سەردێڕ:

شەش مانگى کۆتایی ٢٠٢٣ داهاتى هەرێم چەند بووە و چەندى خەرج کردووە؟

AM:10:34:27/02/2024

1920 جار خوێندراوەتەوە

شەش مانگى کۆتایی ٢٠٢٣، داهاتى هەرێم چەند بووە و چەندى خەرج کردووە، چى هەبووە و چى نەبووە، ئێستا خراوەتەسەر مێزى چاودێرى دارایی عێراق و وردبینى بۆ دەکرێت، شەش مانگێک کە حکومەتى کاربەرێکەر تەنها سێ مووچەى تێدا دابەش کرد و سێ مووچەکەى دیکەى بیرى خۆى بردووەتەوە.


ئەم شەش مانگەى چەند رۆژێکە شاندێکى فراوانى چاودێرى عێراق بۆ وردبینیکردنى داهات و خەرجییەکانى هاتووە، لە ١ی ٧ى ٢٠٢٣ـەوە دەستپێدەکات تا ٣١ى ١٢ی ٢٠٢٣، کە حکومەتى کاربەرێکەر ئەم داهاتانەى لەبەردەستدابووە.

سێ ٧٠٠ ملیارى دینارى لە بەغداوە بۆ هاتووە، کە دەکاتە دوو ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دینار، داهاتى ناوخۆى ئەم شەش مانگە دوو ترلیۆن و ٧٠ ملیار دینار بووە، بەپێى راپۆرتى هاوبەشى چاودێرى دارایی عێراق و خودى حکومەتى کاربەڕێکەر خۆى.

هەر لەم شەش مانگەدا ١٩٢ ملیار دیناریان لە هاوپەیمانان وەرگرتووە بۆ مووچەى پێشمەرگە، بێجگە لە فرۆشتنى نەوت لە ناوخۆ و ئاودیوکردنى نەوتى قاچاغ.

بەپێى ئەم ژمارانە بێت کە حکومەتى کاربەرێکەر یان چاودێرى دارایی عێراق خۆى پێشتر بڵاوى کردووەتەوە، تێکڕاى داهاتى حکومەتى کاربەرێکەر لەو شەش مانگەدا چوار ترلیۆن و ٩٩٢ ملیار دینار بووە و بە ئاسانى دەتوانرا مووچەى پێنج مانگى بە ئاسانى پێ دابەش بکرێت، بەو پێیەى مووچەى هەر مانگێکى فەرمانبەرانى هەرێم ٩١٣ ملیار دینارە و تێکرا بۆ پێنج مانگ پێویستى بە چوار ترلیۆن و ٥٦٥ ملیار دینار بووە و نزیکەى ٤٣٠ ملیار دیناریشى لێدەمایەوە، بەڵام حکومەتى کاربەرێکەر تەنها سێ مووچەى دابەش کرد و باقیەکەى دیکەشى نادیارە.

کەواتە چاودێرى دارایی عێراق وردبینى بۆ دۆسییەکى دارایی هەرێم دەکات کە شەش مانگە و شەش داهاتى ناوخۆى هەبووە، شەش باج و رسومات و شەش مانگ هاوکارى تێدا لە هاوپەیمان وەرگیراوە، بەڵام تەنها سێ مووچەى تێدا دابەش کراوە.













گەلەری