سەردێڕ:

ئەمریکا: ئاستی هاوردەکردنی نەوتی عێراق گەیشتە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار بەرمیل

PM:01:36:25/02/2024

756 جار خوێندراوەتەوە

کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاستی هاوردەکردنی نەوتی عێراق گەیشتە سفر لە هەفتەی رابردوودا جارێکی دیکە بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە ٢٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە. دەشڵێت، "لە مانگی رابردوودا پێنج ملیۆن بەرمیل هاوردە کراوە."


ئەمڕۆ یەکشەممە، کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە و تێیدا هاتووە، ئاستی هاوردەکردنی نەوت لە ٩ وڵاتی جیهانەوە بەرێژەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل زیادی کردووە و بەتێکڕاش پێنج ملیۆن و ٦٤٢ هەزار بەرمیل هاوردەکراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی ئاستی هاوردەکردنی نەوتی عێراق گەیشتە سفر جارێکی دیکە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بەتێکڕاش هەفتەی رابردوو رۆژانە ٢٢٦ هەزار بەرمیل هاوردەکراوە کە بەراورد بە دوو هەفتەی رابردوو ١٨٣ هەزار بەرمیل زیاتر بووە.

ئەوەشی خستوەتە روو، لەم ساتەدا لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیدا عێراق پلەی یەکەی هەناردەکردنی نەوتی گرتووە بۆ ئەمریکا دوای ئەوە دابەزیبوو بۆ پلەی پێنجەم.

باسی لەوەش کرد، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا عێراق پێنج ملیۆن و ٣٨٧ بەرمیلی هەناردەی ئەمریکا کردووە بە تێکڕای هەناردەکردنی ١٣٧ هەزار بەرمیلی رۆژانە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بەراورد بە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ کەمیکردووە کە تێکڕای هەناردەکردن تێیدا پێنج ملیۆن و ٦١١ هەزار بەرمیل بووە بە تێکڕای هەناردەکردنی رۆژانەش ١٩٣ هەزار بەرمیل بووە.

ئەوەش لە کاتیکدایە، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا ساڵانە زیاترە لە ٩٠ ملیۆن بەرمیل و بەوەش لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بە تێکڕا پلەی دووەمی وەرگرتووە.













گەلەری