سەردێڕ:

وردبینی بۆ داهات و خەرجی هەرێم دەکرێت؛ کەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت؟

AM:11:12:25/02/2024

40660 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، لە سبەینێوە دەست بە ئامادەکاری هەژماری بانکی هەرێم دەکرێت بۆ وەرگرتنی گوژمەی ٦١٨ ملیار دیناری نوێ پێش رۆژی ٢٨ـی شوبات، هاوکات شاندێکی عێراق بۆ ئەو مەبەستە دەستیان بە وردبینی داهات و خەرجی هەرێم کردووە.


شاندێکی عێراق شەوی ٢٤ـی شوبات بەمەبەستی وردبینی داهات و خەرجی شەش مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو گەیشتنە هەولێر و بۆماوەی هەفتەیەک دەمێننەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو شاندە راسپێردراون بۆ وردبینی تێکڕای داهاتی نەوتی و نانەوتی لە رۆژی ١ـی حوزەیران تا رۆژی ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، لە راپۆرتێکی تریشدا ئاماژە بەو قەرزانە بکەن کە بۆ هەرێم نێردراون بۆ دابەشکردنی مووچەوە.

لەو بارەیەوە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەی شاندەکەی عێراق لەگەڵ دیوانی چاودێری هەرێم دەستی پێکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش داوای سەرجەم راپۆرتە داراییەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەرێکەر کراوە.

باسی لەوەش کرد، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە داوای ئامادەکردنی هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەرێکەر کراوە و بڕیاریشە بڕی ٦١٨ ملیار دینارەکە لە رۆژی ٢٦ـی شوبات تا رۆژی ٢٨ـی شوبات بگاتە هەرێم.

ئەوەشی خستە روو، لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش نێردراوە بۆ بەغدا و بڕیاریشە دوای گەیشتنی پارەکە لە رۆژی ٣ تا ٦ـی ئازار دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.

جگە لەوانەش بڕیارە سیستمی دارایی وەزارەتی دارایی هەرێم هاوتابکرێت لەگەڵ سیستمی دارایی عێراق بەمەبەستی رێکخستنی داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجییەکان، لە یەکەم قۆناغیشدا سەرجەم خاڵە سنوورییەکان هاوتا دەکرێن بە سیستمی خاڵە سنوورییەکانی بەغدا.













گەلەری