سەردێڕ:

نرخی نەوت بەردەوامە لە نزمبوونەوە؛ کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت؟

AM:08:32:25/02/2024

1224 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی وەبەرهێنەرانی وزە لە جیهان پێشبینیەکانیان بۆ دەستخستنی نەوت کەمی کرد لە سەرجەم بازاڕەکانی جیهاندا نەوت بە رێژەی ٢.٥٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە ٨١ دۆلار و ٦٢ سەنت. ئەندامێکی لیژنەی دارایی نەوت لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، "دابەزینی زیاتری نرخی نەوت لە بەرژەوەندی عێراقدا نابێت".


ئەمڕۆ یەکشەممە، نەوتی خاوی تێکساس لە نزمترین ئستی پێنج رۆژی رابردوودایە و هەر بەرمیلێک بە ٧٦ دۆلار و ٤٩ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت بەراورد بە نەوتی برێنت نرخەکەی بە جێگیری ماوەتەوە.

لەلایەکی تریشەوە ، عەلی مەشکور ئەندامی ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامە عەرەبییەکانی راگەیاند، لە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوتدا بۆ خوار ٧٨ دۆلار بۆ عێراق کاریگەری نەرێنی دەبێت. وتیشی، "عێراق بە رێژەی ٩٥٪ پشت بە داهاتی نەوتی دەبەستێت بۆیە لە نزمبوونەوە یاخود بەرزبوونەوەیدا بە رێژەی ٩٥٪ کاریگەری دەکاتەوە سەر بودجە".

لەبەرامبەریشدا حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، عێراق بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی ١٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە و ئامانج لێی بەدەستهێنانی سەقامگیری و هاوسەنگی زیاترە لە نێوان دابینکردن و داواکاری لە بازاڕە جیهانییەکان.

هاوکات رێکخراوی جیهانی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، ئاستی دابینکردنی نەوتی رۆژانە و ساڵانە پارێزراوە و بەردەوامیش دەبن لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بۆ بازاڕەکانی جیهان تا مانگی ئازاری ئەمساڵ بە مەبەستی سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی جیهان بۆ ئەو مەبەستەش چەند وڵاتێکی جیاواز لە نێویشیاندا عێراق بەشداردەبێت لە کەمکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی ٢٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە.













گەلەری