سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق: لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ موچەی موچەخۆران زیاد دەکرێت

PM:03:05:23/02/2024

11880 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، داواکراوە کە پەلە بکرێت لە تەواوکردنی رێکخستنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ـدا و لەماوەی هەفتەکانی داهاتوودا بنێردرێتە پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەری بەبێ دواکەوتنی زیاتر. دەشڵێت، "موچەی بەشێک لە موچەخۆران بەرێژەی ٥٠٪ زیاد دەکرێت".


ئەمرۆ هەینی، مستەفا گەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق کراوە کە هەوڵەکانی خێراتر بکات لە رێکخستنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ تا لەوە زیاتر دوانەکەوێت و بە خێرایش بنێردرێتە پەرلەمان.

باسی لەوەش کرد، تا ئێستا هیچ شتێکیان لەسەر بودجەی ئەمساڵ پێنەگەیشتووە بۆیە داواکراوە کە پەلەبکرێت لەپێناو بڕیاردان لەسەر بودجە و خەرجییەکانی ئەمساڵ تا لە رێگەیەوە بۆ گەشەپێدانی ئابووری هەنگاوی نوێ بنرێت.

ئەوەشی خستە روو، پێوەرەکانی موچە پێویستی بە ٣٤ بڕگە هەیە لە هەڵوەشاندنەوە و بڕیاردان لەسەر کە چاوەڕێی هەموارکردنەوەن کە ناکۆکی لەسەرە و ئەگەر لەوە زیاتر دوابخرێت ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرفتی زیاتر بۆ بودجەی ئەمساڵ.

دەشڵێت، " بەبی گەڕانەوە بۆ بودجە بڕیار لەسەر زیادکردنی موچەی بەشێک لە موچەخۆران دراوە تا لەوە زیاتر دوانەکەوێت".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دواین کۆبونەوەیدا بڕیاریداوە لە بەرزکردنەوەی موچە بە ریژەی٥٠٪ـی موچەخۆرانی پلە حەوت و هەشت و نۆی وەزارەتەکان.

هاوکات، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەیی دارایی پەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بۆ ئەوەی رێگە لە دروستبوونیەوەی ئەو گرفتانە بگرن کە لە بودجەی ٢٠٢٣ـدا دروستبوو لیژنەیەک پیکهێندراوە کە بەشێوەی مەیدانی سەردانی وەزارەتی دارایی دەکەن. وتیشی ، " پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی کۆی داھات و خەرجییە گشتییەکان و دیاریکردنی بڕی کورتھێنان و دیاریکردنی نرخی پێشبینیکراوی نەوت بەشێوەیەکی خێراتر ئەنجامدەدرێت".













گەلەری