سەردێڕ:

بانکە ئەهلییەکانی عێراق: داهاتی سیستەمی پارەدانی ئەلکترۆنی زیاتر لە ٤١٨ ملیار دینار بووە

PM:09:06:22/02/2024

888 جار خوێندراوەتەوە

کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق رایگەیاند، داهاتی سیستەمی پارەدانی ئەلکترۆنی لە سەرەتای کارپێکردنی سیستەمەکە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٤١٨ ملیار دینار بووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی تاریق بەڕیوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، لەڕێگەی پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت سودانی بەردەوامە لە پاڵپشتیکردن وبەرەوپێشبردنی کەرتی ئابووری وڵات.

ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا ئامڕازی پارەدانی ئەلکترۆنی لە ٥٥٨ دەزگای حکومیدا جێگیرکراوە. دەشڵێت، تا مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ هەشت ملیۆن و ٦٥٣ هەزار و ٣١٠ داواکاری بۆ وەرگرتنی کارتی پارەدانی ئەلکترۆنی پێشکەش کراوە.

ئەوەشی خستە روو، تاوەکو مانگی ئەیلولی ٢٠٢٣ زیاتر لە ١٧ ملیۆن کارتی پارەدانی ئەلکترۆنی دەرچووە.

باسی لەوەش کرد، لەدوای کاراکردنی سیستەمی پارەدانی ئەلکترۆنی بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران داهاتی سیستمەکە لەڕێگەی ٥٨٦ هەزار و ٨٦٨ مامەڵەوە، ٤١٨ ملیار و ٣٧١ ملیۆن و ١٢٧ هەزار و ٩٣ دینار بووە.

لە ماوەی رابردوودا سەرۆک وەزیرانی عێراق جێگیرکردن و کاراکردنی سیستەمی پارەدانی ئەلکترۆنی لە سەرجەم دامودەزگا حکومی و تایبەتەکانی وڵاتدا راگەیاند.

لەبەرامبەریشدا وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە بەئەلیکترۆنی کردنی پارەدان لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتدا و لە ئێستادا کۆمپانیای بیمەدانی عێراقی ١٠٠٪ـی مامەڵە داراییەکانی بە ئەلیکترۆنی کراون.

ئەمەش لەکاتێکدایە، راوێژکارێکی سودانی رایگەیاند، گۆڕانکاری لە سیستمی پارەدانی نەختینە بۆ ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی رێژەیەکی زیاتر لە دینار بۆ بانکەکانی عێراق بەوەش گەشەی ئابووری عێراق خێراتردەبێت و ئاستی هەڵاوسان کەمتر دەکرێتەوە.













گەلەری