سەردێڕ:

هۆکاری گران بوونی نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێم چیە؟

PM:06:12:19/02/2024

15420 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، گرانی نرخی گۆشت لە بازاڕەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ قۆرخکاری بازرگانان و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و هەروەها بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاوردەکردنی ئاژەڵ کەمبووەتەوە. هاوکات لە هەرێمی کوردستانیش نرخی کیلۆیەک گۆشتی سور لە نێوان ٢٣ بۆ ٢٤ هەزار دینارە و هاوڵاتییانیش نیگەرانن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لەم بارودۆخی بێ مووچەییەدا.


ئەمڕۆ دووشەممە، فەرمانگەی ڤێرتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، هۆکارەکانی گرانی نرخی گۆشتی سور دەگەڕیتەوە بۆ قۆرخکاری لەلایەن بازرگانەکانەوە و بۆ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و هەروەها کەمبوونەوەی هاوردەکردنی ئاژەڵ بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوو رۆژی رابردوودا بڕێکی زۆر ئاژەڵ بەمەبەستی سەربڕین هاوردە کراون و ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی گۆشتی سور لە ماوەی داهاتوودا.

هاوکات، لە هەرێمی کوردستان نرخی گۆشتی سور لە ئێستادا لەنێوان ٢٣ بۆ ٢٤ هەزار دینارە بۆ هەر کیلۆیەک و هاوڵاتییانیش لەو بارەیەوە باس لەوە دەکەن، نابەرپرسیارانە گۆشتی سور گران کراوە لەم بارودۆخی بێ مووچەی و بێ کاریەدا قورسە بۆیان گۆشت بکڕن، بۆیە بەناچاری بەچارەک و نیو کیلۆگرام گۆشت دەکڕن.

بە پێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕتی، هۆکاری گرانی گۆشتی سور دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانی بەرپرسە حزبییەکان، بە جۆرێک لە ئێستادا تەنها لە خاڵێ سنوری فیشخاپوورە ئاژەڵ هاوردە دەکرێت رۆژانەش زیاتر لە دە هەزار سەر ئاژەڵ دێتە هەرێمەوە بۆ هەر دوو سەر ئاژەڵێکش بڕی ٩٠ هەزار دینار گومرگی لێوەردەگیرێت لە کاتێکدا لە سنوری سوریابۆ دوو سەر تەنها ٢٠ هەزار دینار گومرگ وەردەگیرێت.













گەلەری