سەردێڕ:

دوای ئەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتە سفر؛ جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە

PM:03:34:18/02/2024

892 جار خوێندراوەتەوە

کارگێڕی زانیاریی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە دوو هەفتەی رابردوودا، هیچ بڕە نەوتێک لە عێراقەوە هاوردە نەکرابوو، بەڵام لە هەفتەی رابردوودا دەست بە هاوردە کرایەوە و رێژەکە بەرزبووەوە بۆ ٤٣ هەزار بەرمیلی رۆژانە کە لە رابردوودا هاوردەکردنی رۆژانەی نەوتی عێراق ٢٠٥ هەزار بەرمیل بوو.


ئەمڕۆ یەکشەممە، کارگێری زانیاریی وزەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا بە تێکڕا نەوتی لە ٩ وڵاتەوە هاوردەکردووە و بەتێکڕاش پێنج ملیۆن و ٤٢٥ هەزار بەرمیل بووە و بەراورد بە دوو هەفتەی رابردووتر ئاستی هاوردەکردن ٧٠ هەزار بەرمیل کەمی کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەفتەی رابردوودا رۆژانە ٤٣ هەزار بەرمیل هاوردەکراوە لە عێراقەوە دوای ئەوەی بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و گروپەچەکدارەکان لە خاکی عێراق ئاستی هاوردەکردنی نەوتی عێراق گەیشتە سفر.

لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا ئەمریکا پێنج ملیۆن و ٣٨٧ بەرمیلی لە عێراقەوە هاوردە کردووە بە تێکڕای هاوردەکردنی ١٣٧ هەزار بەرمیلی رۆژانە، کە ئەوەش بەراورد بە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ کەمیکردووە کە تێکڕای هەناردەکردن تێیدا پێنج ملیۆن و ٦١١ هەزار بەرمیل بووە بە تێکڕای هەناردەکردنی رۆژانەش ١٩٣ هەزار بەرمیل بووە.

لەماوەی مانگی یەکی ئەمساڵدا لە دوای کەنەدا، مەکسیک، سعودیە و بەڕازیل، عێراق لە هەناردەکردن بۆ ئەمریکا لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان پلەی پێنجەمی بەدەستهێناوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیشدا لە دوای سعودیە پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، کە هەناردەکردنی نەوت گەیشتووەتە نۆ ملیۆن بەرمیل.













گەلەری