سەردێڕ:

دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی دوو دەکرێت

PM:12:17:17/02/2024

177324 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەرێکەر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تەواوی رێکارە کارگێڕییەکان بەهەمان میکانیزمی مانگی رابردوو تەواوکراون و راپۆرتی خەرجییەکان و لیستی مووچە ئامادەکراوە بۆ بەغدا بەمەبەستی ناردنی ٦١٨ملیار دیناری دیکە. دەشڵێت، "لە رۆژانی ٢٦ـی شوبات تا رۆژی ١ـی ئازار ئەو بڕە پارەیە دەگات و دەستبە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".


ئەمڕۆ شەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئار تی راگەیاند، لە ئێستادا لیستی موچە ئامادەکراوە و بەهەمان وادە لە ماوەی هەفتەیەکدا مووچەی مووچەخۆران دابەشدەکرێت بۆ هەر مانگێک، بەڵێنیش دراوە کە مانگانە بڕی ٦١٨ ملیار دینار بۆ دابەشکردنی مووچە بنێردرێت.

باسی لەوەش کرد، سەرجەم رێکارە کارگێڕی و یاساییەکانیان تەواوکردووە و تەواوی لیستی خەرجی مووچەخۆران ئامادەکراوە و لە چەند رۆژی داهاتووشدا بڕیارە بە دیاریکراوی هەموو مانگێک لە رۆژانی ٢٦-٣٠ مانگ بڕی ٦١٨ ملیار دینار بنێردرێت تاکاتی هەموارکردنەوەی بودجە. دەشڵێت، "لەگەڵ گەیشتنی پارەکەدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات دەکرێت". 

ئاماژەی بەوەش کرد، جارێکی دیکە شاندێکی هەرێم بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی مووچە و کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا سەردانی بەغدا دەکەنەوە بەتایبەتیش لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم .

ئەمە لەکاتێکدایە، نزیکدەبینەوە لە مانگی ئازار و تا ئێستاش مووچەی مانگی شوبات دابەش نەکراوە و جگە لەوەی کە سێ موچەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ بە نادیاری ماوەتەوە و ئامادەش نییە لە داهاتی ناوخۆ مووچەی مووچەخۆران دابەشبکات و چاوەڕێی هاتنی ٦١٨ ملیار دینارەکەی بەغدایە.

هێرش قادر – هەولێر













گەلەری