سەردێڕ:

لە ماوەی پێنج رۆژدا؛ فرۆشی بانکی ناوەندی زیاتر لە ملیارێک دۆلار بووە

PM:06:54:16/02/2024

936 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی ١١ تا ١٥ـی شوبات لەلایەن بانک و بازرگانەکانەوە داواکاری بۆ کڕینەوەی زیاتر لە ملیارێک دۆلار پێشکەشکراوە بەنرخی فەرمی و لەو رێژەیەش زیاتر لە ٧٢ ملیۆن دۆلار بەشێوەی کاشبووە.


ئەمڕۆ هەینی، بانکی ناوەندی عێراق لە سەکۆی ئەلیکترۆنی تایبەتی دراوە بیانیەکانەوە رایگەیاند، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردووی خستنەرووی دۆلاردا بە تێکڕا بۆ بانکەکانی رافیدەین، رەشید و تی بی ئای و بازرگانانەوە گەیشتووەتە ملیاریک و ٨٧ ملیۆن و ٥٧٥ هەزار و ٨٤ دۆلار.

ئاماژە بەوەش کراوە، فرۆشی کاش لەم هەفتەیەدا بە تێکرا ٧٢ ملیۆن و٧٦٠ هەزار دۆلاربووە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو ٢٥ ملیۆن و ٢٦٨ هەزار و ٣٣٠ دۆلار کەمترخراوەتەروو بۆ گەشتیاران.

ئەوەشی خستە روو، دەستڕاگەیشتنی بانکەکان و بازرگانان بۆ پڕکردنەوەی مامەڵە بازرگانی و دارایی ناوخۆ و نێودەوڵەتی یەک ملیار و ١٤ ملیۆن و ٨١٥ هەزار و ٨٤ دۆلاربووە.

باس لەوەش کراوە، ئاستی هەفتانەی بانکی ناوەندی بەراورد بە دوو هەفتەی یەکەمی مانگی رابردوو بە رێژەی ٢.١٪ زیادیکردووە و ئەوەش ئاستێکی باشی فرۆشە بۆ دوو هەفتەی مانگی شوبات.

هاوکات بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی مانگی رابردوودا بەتێکڕا زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری بە نرخی فەرمی فرۆشتووە بە بانک و بازرگانانی ناوخۆ و لەو رێژەیەش ٩٢.٥٪ بەشێوەی حەواڵە بووە و تەنها ٧.٥٪ بەشێوەی کاش بووە کە زیاتر بووە لە ٣٣١ ملیۆن دۆلار.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، بەرزبوونەوەی سنوودارى دۆلار پەیوەندی بە سزادانی بانکەکانەوە نیە بەڵکو دۆخێکی ئاساییەوە و جیگیردەبێتەوە.













گەلەری