سەردێڕ:

دیارترین نەیاری پوتین لە زیندان گیانی لەدەستدا

ئەلێکسی ناڤاڵنی- سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی روسیا
PM:05:15:16/02/2024

2428 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای زیندانەکانی روسیا رایگەیاند، سیاسەتمەداری زیندانیکراوی ئۆپۆزسیۆنی روسیا کە بە دیارترین نەیاری سەرۆکی روسیا دادەنرێت، لە زیندان گیانی لەدەستدا.


ئەمڕۆ هەینی، دەزگای زیندانەکانی روسیا رایگەیاند، ئەلێکسی ناڤاڵنی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی روسیا لە زیندان لەهۆش خۆی چووە و گیانی لەەستداوە.

دەزگاکە ئاماژەی بەوەش کرد، دوای پیاسەی بەیانیان لەناو زیندان ناڤاڵنی هەستی بە تێکچوونی دۆخی تەندروستی کردووە و لەهۆش خۆی چووە راستەوخۆ گیانی لەدەستداوە، هەرچەندە تیمی فریاكه‌وتن هه‌وڵیانداوه‌ ژیانی رزگار بكه‌ن، به‌ڵام بێسوود بووه‌.

لەوبارەیەشەوە لیژنەی لێکۆڵینەوەی روسیا باسی لەوە کردووە، دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لەبارەی ئاشکراکردنی هۆکاری گیانلەدەستدانی ناڤاڵنی لە زینداندا.

لای خۆشییەوە، کۆشکی کریملین لە یەکەم لێدوانیدا لەدوای گیانلەدەستدانی ناڤاڵنی ئەوەی خستووەتە روو، ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیا لەو بابەتە ئاگادار کراوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو کەسایەتییە نییە. دەشڵێت، " دەزگای زیندانی روسیا سەرجەم پشکنینەکان بۆ دۆزینەوەی هۆکاری مردنەکەی ئەنجام دەدات".

ئەلێسکی ناڤالنی لە ساڵی ١٩٧٦ لە روسیا لەدایکبووە، یەکێک بوو لە دیارترین نەیارەکانی ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیا کە به‌هۆی تۆمه‌تێكه‌وه‌ كه‌ وا لێكدرایه‌وه‌ به‌هۆكاری سیاسی ئاڕاسته‌ی كراوه‌ لە ساڵی ٢٠٢١ لەگەڵ گەڕانەوەی لە ئەڵمانیاوە بۆ مۆسکۆ راستەوخۆ دەستگیرکرا.

لە ساڵی رابردووشدا سزای ١٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ لە زیندانی پێشووی خۆی لە شاری ڤلادیمیر لە ناوەڕاستی روسیا گواسترایەوە بۆ زیندانێكی جه‌مسه‌ری باكور كه‌ به‌ توندترین زیندانی روسیا ناوده‌برێت.













گەلەری