سەردێڕ:

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: بایدن دەنگی بەسەر ناتانیاهۆدا بەرزکردووەتەوە

PM:03:02:16/02/2024

16276 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی ئەمریکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس و چۆڵکردنی رەفەح ئەنجامداوە. دەشڵێت" بایدن دەنگی بەسەر ناتانیاهۆدا بەرزکردووتەوە".


ماڵپەڕی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە بۆ تاوتوێ کردنی زۆر پرسی پەیوەندیدار بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و ئاوارەکانی غەزە لەرەفەح.

ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرۆکی ئەمریکا هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە شاری رەفەح و جەختی لەوە کردووەتەوە نابێت بەبێ پلان هێرشبکرێتە سەر ئەو شارە و دەبێت گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی پارێزراوبێت.

ماڵپەڕەکە باسی لەوەش کردووە، پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتەکەی بایدن و حکومەتی ئیسرائیل رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپبوون دەڕوات و بایدن نیگەرانە لەو ژمارە زۆرەی کوشتن و برینداربوون لە جەنگەکەدا.

ئەوەشی خستووەتە روو، لە پەیوەندییەکەدا، بایدن بە ناتانیاهۆی وتووە دیدی ئەمریکا لەسەر رەفەح جێگیر و روونە و نایانەوێت ئیسرائیل لەشکرکێشییەکانی بباتە ئەو ناوچەیە و پێیان باشە ئیسرائیل لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بەردەوامبێت لە هێرشەکانی.

ماڵپەڕەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی نێو کۆشکی سپییەوە ئاشکراشی کردووە، لە دوای هێرشەکە بایدن بێزار و مانوو بووە و توشی دڵەڕاوکی بووە.

هاوکات، میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، پێش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بایدن و ناتانیاهۆ، لە کۆبوونەوەی حکومەتی ئیسرائیلدا پرسی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس تاوتوێ کراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژی رابردوو ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند ، کە کارکردن لەگەڵ قەتەر و میسر و ئیسرائیل بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس.













گەلەری