سەردێڕ:

بانکی ناوەندی رێژەی فرۆشی حەواڵەی زیاد کرد

PM:02:29:14/02/2024

1180 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لە تێکڕای فرۆشی سەکۆی ئەلیکترۆنی بانکی ناوەندی زیاتر لە ٢١٥ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە و لەو ریژەیەش زیاتر لە ١٠ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش بووە و بەشێکی زۆری مامەڵەی حەواڵەی دەرەکی بازرگانان بووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، بانکی ناوەندی لەڕێی سەکۆی ئەلیکترۆنی خستنەرووی دراوی بیانیەوە رایگەیاند، تێکڕای داواکاری بانکەکانی رافیدەین و رەشید و تیبی ئای و بازرگانان بۆ ئەمڕۆ بەدەستخستنی ٢١٥ ملیۆن و ٤٩٤ هەزار و ٨٠٨ دۆلار بووە و لەو رێژەیەش ١٠ ملیۆن و ٢١٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش بووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، تێکڕای فرۆشی حەواڵە بە نرخی فەرمی ١٣٢ هەزار دینار بۆ بازرگانان ٢٠٥ ملیۆن و ٢٨٤ هەزار و ٨٠٨ دۆلار بووە و ئەوەش ئاستێکی کەمترە لە رێژەی فرۆشی رۆژی رابردووی حەواڵە بەهۆی زیادبوونی مامەڵەی بازرگانی.

لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی رێکارەکانی بانکی ناوەندییەوە بۆ سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار، لە ئێستادا هیچ مەترسییەک لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ سەروو ١٥٥ هەزار دینار نەماوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ خوار ١٥٠ هەزار دینار دادەبەزێت.

ئەوەشی خستە روو، لە ئێستادا دۆلاری کاش تەنها بە بانکی رافیدەین و رەشید و بانکی بازرگانی دەدرێت بەتایبەتیش هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید، چونکە ئەوان لەرێی سەکۆ ئەلیکترۆنیەکانەوە دۆلار بە نرخی فەرمی دابین دەکەن بۆ ئەو گەشتیارانەی کە دەچنە دەرەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی رابردوو بانکی ناوەندی لە تیکڕای فرۆشدا ٢٤١ ملیۆن و ٨١٠ هەزار و٣٩٧ دۆلاری فرۆشتووە و لەو رێژەیەش ٢١ ملیۆن و ٩٨٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش بووە.













گەلەری