سەردێڕ:

لێدوانی بانکی ناوەندی بۆ ئێن ئاڕ تی سەبارەت بە نرخی دۆلار

PM:07:08:13/02/2024

18420 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی رێکارەکانی بانکی ناوەندییەوە بۆ سەقامگیر کردنی نرخی دۆلار، لە ئێستادا هیچ مەترسییەک لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ سەروو ١٥٥ هەزار دینار نەماوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ خوار ١٥٠ هەزار دینار دادەبەزێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، حەیدەر غازی بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رێکارەکانی بانکی ناوەندی بۆ سەقامگیر کردنی نرخی دۆلار بە تەواوەتی چوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و تەنها چەند رێکارێک نەبێت کە پەیوەستن بە کات و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، نرخی دۆلار لە ئێستادا لە قۆناغی مەترسی چووتە دەرەوە و هیچ مەترسییەک نیە لەسەر ئەوەی ١٠٠ دۆلار بگاتە سەروو ١٥٥ هەزار دینار و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەهۆی چەند رێکارێکی بانکی ناوەندییەوە نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ خوار ١٥٠ هەزار دینار دادەبەزێت.

ئەوەشی خستە روو، لە ئێستادا دۆلاری کاش تەنها بە بانکی رافیدەین و رەشید و بانکی بازرگانی دەدرێت بەتایبەتیش هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید چونکە ئەوان لەرێی سەکۆ ئەلیکترۆنیەکانەوە دۆلار بە نرخی فەرمی دابین دەکەن بۆ ئەو گەشتیارانەی کە دەچنە دەرەوە.

باسی لەوەش کرد، هەر کەسێک کە بەمەبەستی گەشتکردن داوای دۆلار بکات تەواوی زانیاری گەشتەکەی و ژمارەی دۆلارەکانی لە سیستمی ئەلیکترۆنی بانکی ناوەندیدا تۆماردەکرێت و لەهەر ئەگەرێکی سپیکردنەوەی دۆلار لەرێگەی کارتی بانکی یاخود مامەڵەکردن بە دۆلار لەرێی دەرەوەی وڵاتەوە ئەوە ئەو کەسە دووچاری رێکاری یاسایی دەبێتەوە.

هێڤیدار شەعبان - NRT













گەلەری