سەردێڕ:

بانکی ناوەندیی زیاتر لە ٢٠٨ ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ چەندی کاشە؟

PM:02:02:11/02/2024

1296 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لە خستنەڕووی ئەمڕۆی بانکەکەدا بە نرخی فەرمی زیاتر لە ٢٠٨ ملیۆن دۆلار خراوەتەروو لەو رێژەیەش زیاتر لە ١٩٤ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە بۆ بازرگانان و بانکەکان.


ئەمڕۆ یەکشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە سەکۆی ئەلیکترۆنی خستنەڕووی دراوە بیانییەکاندا رایگەیاند، لە تێكڕای فرۆشی رۆژی ١١ـی شوباتدا داواکاری بۆ کڕینی ٢٠٨ ملیۆن و ٢٥٨ هەزار و ٤٠ دۆلار پێشکەش کراوە لەلایەن سەرجەم بانک و بازرگانانەوە لەو رێژەیەش ١٣ ملیۆن و ٢٧٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە نرخی فەرمی بانکەکە بڕی ١٩٤ ملیۆن و ٩٨٨ هەزار و ٤٠ دۆلار بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی فرۆشراوەتەوە بۆ دابینکردنی مامەڵەی بازرگانی ناوخۆیی و دەرەکی.

هاوکات لە سەکۆکەدا تا ئەمڕۆ رێژەی فرۆشی دراوە بیانیەکانی دیکە ئاشکرا نەکراوە کە پەیوەستبوون بەگۆڕانکاری مامەڵەداراییەکان لە دۆلارەوە بۆ یۆرۆ و درهەم و یێن و روپیەی هیندی لە عێراق.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوەکانی عێراق و هەرێم نرخی دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و لە ئێستاشدا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٥٢ هەزار و ٤٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت کە ئەوەش بەرزترین نرخی دوو مانگی رابردوو بووە لە دوای ئەو دابەزینەی کە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمەوە بەخۆیەوە بینی.













گەلەری