سەردێڕ:

ساڵێک بەسەر یەکەم خستنەڕووی دۆلار بە نرخی فەرمی ١٣٢ هەزار دینار تێپەڕدەبێت

PM:01:12:10/02/2024

1152 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی ١٠ـی شوباتی ساڵی رابردوو بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار چووە بواری جێبەجیکردنەوە لەلایەن بانکی ناوەندیەوە کە ١٠٠ دۆلار لە ١٤٥ هەزارەوە کەم کرایەوە بۆ ١٣٢ هەزار دینار و لە یەکەم مەزادیشیدا دۆلاری بە نرخی فەرمی فرۆشت و رێژەیەکی زۆری دۆلاری خستە بازاڕەوە.


ئەمڕۆ شەممە، ساڵێکی تەواو بەسەر لێدوانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا تێپەڕدەبێت کە تێیدا هاتووە، عێراق لەبەردەم گۆڕانکارییەکی نوێدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی دۆلار و دەروازە سنوورییەکان کە هۆکاربوون بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهای دینار لە دۆلار بەرزترە و دوای تەواوبوونی سەرجەم رێکارەکانی بانکی ناوەندی بۆ رووبەڕووبونەوەی سپیکردنەوەی دۆلاری فەرمی لە سەرجەم بازاڕەکانی ناوخۆدا دۆلار جێگیر دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەی رۆژی ٧ـی شوباتدا بڕیاریدا کە نرخی دۆلار لە ١٤٥ هەزار دینارەوە کەمبکاتەوە بۆ ١٣٢ هەزار دینار و ئەوەش وەک نرخی فەرمی بانکی ناوەندی تۆماردەکرێت بۆ هەر دۆلاریکی فەرمی.

هاوکات لە رۆژی ١٠ـی شوباتدا بانکی ناوەندی بە نرخی فەرمی ١٩٩ ملیۆن و ٦٣ هەزار و ٨٢٩ دۆلاری خستەڕوو کە لەو رێژەیەش ٢٦ ملیۆن و ٥٤٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش بوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی ١٠ـی شوبات سێشەممەوە، بانکی ناوەندی تا ١٠ـی مانگی تشرینی دووەم زیاتر لە حەوت ملیار و ٢٩٩ ملیۆن و ٢٣٣ هەزار و ٥٠٤ دۆلاری بەشێوەی کاش خستە بازاڕەکانی ناوخۆوە بە نرخی ١٣١٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک.













گەلەری