سەردێڕ:

دۆلار جارێکی دیکە بەرزبووەوە؛ بەرپرسانی بانکی ناوەندی چی دەڵێن؟

PM:12:22:10/02/2024

21160 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەهای دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و لە ئێستاشدا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٥٢ هەزار و ٣٥٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت و هاوکات بەرپرسانی بانکی ناوەندیش دەڵین، ئەمە تەنها بەرزبوونەوەیەکی کاتییە.


ئەمڕۆ شەممە، بەهای دۆلار دوای ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و گروپە چەکدارەکان لە خاکی عێراق و دەنگۆی کشانەوەی ئەمریکا دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و لە ئێستاشدا بەراورد بە رۆژی رابردوو ٢٠٠ دینار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

لەلایەکی تریشەوە، بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق بەدیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تى راگەیاند، هەفتەی داهاتوو نزیکەی ملیارێک دۆلار بە نرخی فەرمی بە هەموو جۆرەکانی حەواڵە و فرۆشتنی راستەوخۆ دەخەنە بازاڕەوە. دەشڵێت، "بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا کاتییە."

باسی لەوەش کرد، رێکارەکانیان لە قۆناغی یەکەم لە شەڕی دۆلار سەرکەوتوو بووە، مانگی داهاتووش لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا کۆدەبنەوە و قۆناغی دووەمی هەنگاوەکانیان دەست پێدەکات.

وتیشی، "پێشبینی دەکرێت تا ناوەڕاستی ئەمساڵ دۆلار لە بازاڕیش جێگیر ببێت و پلانیش هەیە فرۆشتنی نەوت بە دراوی دیکە بکرێت لە جیاتى دۆلار و ئەگەر ئەو هەوڵەش سەربگرێت، کاریگەرى زۆر ئەرێنى دەبێت لەسەر نرخى دۆلار."

لە بەرامبەریشدا دوێنێ هەینی، بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لەماوەی رۆژانی رابردوودا کە بە تێكڕا پێنج رۆژ خستنەڕووی دۆلار هەبووە لەلایەن بانک و بازرگانانەوە ملیارێک و ٤١ ملیۆن و ٧٠ هەزار و ٣٢٠ دۆلار بە نرخی فەرمی کڕدراوەتەوە و پێشبینیش دەکرێت بۆ ئەم هەفتەیە ریژەی فرۆش زیاتر بکات.













گەلەری