سەردێڕ:

فرۆشی پێنج رۆژی بانکی ناوەندی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بووە

PM:04:33:09/02/2024

824 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی رۆژانی ١ـی شوباتدا تا رۆژی ٨ـی شوبات کە بە تێکڕا پێنج رۆژ خستنەڕوو هەبووە بە تێکڕا داواکاری بۆ کڕینی زیاتر لە ملیارێک دۆلار هەبووە و لەو رێژەیەش زیاتر لە ٩٨ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش بووە.


ئەمڕۆ هەینی، بانکی ناوەندی عێراق لە سەکۆی ئەلیکترۆنی بانکەکەدا بۆ خستنەڕووی فرۆشی دۆلار رایگەیاند، لەماوەی رۆژانی رابردوودا کە بە تێكڕا پێنج رۆژ خستنەڕووی دۆلار هەبووە لەلایەن بانک و بازرگانانەوە ملیارێک و ٤١ ملیۆن و ٧٠ هەزار و ٣٢٠ دۆلار بە نرخی فەرمی کڕدراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە تێکڕای رێژەی فرۆشدا ٨.٤٪ بەشێوەی کاش بووە کە بەرامبەرە بە ٩٨ ملیۆن و ٢٨ هەزار و ٣٣٠ دۆلار و لە هەمان کاتدا بڕی ٩٤٣ ملیۆن و ٤١ هەزار و ٩٩٠ دۆلاریش بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی فرۆشراوە.

ئەوەش خراوەتە روو، ئاستی هەفتانەی بانکی ناوەندی بەراورد بە هەفتەی یەکەمی مانگی رابردوو بە رێژەی ٤٪ زیادیکردووە و ئەوەش ئاستێکی باشی فرۆشە بۆ پێنج رۆژی مانگی شوبات.

هاوکات بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی مانگی رابردوودا بەتێکڕا زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری بە نرخی فەرمی فرۆشتووە بە بانک و بازرگانانی ناوخۆ و لەو رێژەیەش ٩٢.٥٪ بەشێوەی حەواڵە بووە و تەنها ٧.٥٪ بەشێوەی کاش بووە کە زیاتر بووە لە ٣٣١ ملیۆن دۆلار.













گەلەری