سەردێڕ:

وەزیری دارایی عێراق: بەردەوامین لە بەئەلیکترۆنی کردنی پارەدان لە دامودەزگاکاندا

PM:08:29:07/02/2024

1364 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە بەئەلیکترۆنی کردنی پارەدان لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتدا و لە ئێستادا کۆمپانیای بیمەدانی عێراقی ١٠٠٪ـی مامەڵە داراییەکانی بە ئەلیکترۆنی کراون.


ئەمڕۆ چوارشەممە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، لە ژێر رێنماییەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەردەوامن لە ئەلیکترۆنی کردنی پارەدان لە سەرجەم دامودەزگاکاندا.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا کۆمپانیای بیمەی عێراقی جێبەجێکردنی ئەزمونی پارەدانی ئەلیکترۆنی بەرێژەی ١٠٠٪ لە مامەڵە داراییەکانیدا تەواو کردووە.

پێشتر، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەو هاوڵاتییانەی سودمەندن لە پارەدانی ئەلیکترۆنی لەکاتی مامەڵەی ئاسایی رۆژانەدا نابێت هیچ پارەیەکی زیادەیان لێ وەربگیرێت و بارگرانی دارایی بخرێتە سەریان. دەشڵێت، پێویستە رێکارەکانی تەواوکردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە دامودەزگا حکومی و تایبەتەکان خێرا بکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، راوێژکارێکی سودانی رایگەیاند، گۆڕانکاری لە سیستمی پارەدانی نەختینە بۆ ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی رێژەیەکی زیاتر لە دینار بۆ بانکەکانی عێراق بەوەش گەشەی ئابووری عێراق خێراتردەبێت و ئاستی هەڵاوسان کەمتر دەکرێتەوە.













گەلەری