سەردێڕ:

لە ساڵی رابردوودا؛ عێراق دووەم گەورەترین کڕیاری زێڕ بووە

PM:02:42:03/02/2024

1296 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی بۆرسەی جیهانی، بانکی ناوەندیی عێراق لە ساڵی رابردوودا دووەم گەورەترین کڕیاری زێڕ بووە لە وڵاتانی عەرەبیدا و بە گوێرەی داتاکانی بانکی ناوەندیش، ئاستی یەدەگی زێڕ گەیشتووەتە ١٣٢ تۆن.


ئەمڕۆ شەممە، پێگەی بازرگانی و بازاڕە داراییەکانی ئەنجومەنی ئاڵتون راپۆرتی ساڵانەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە ساڵی رابردوودا، عێراق دووەم گەورەترین کڕیاری زێڕ بووە لە وڵاتانی عەرەبیدا و لەدوای لیبیاوە دێت.

لە ئێستادا یەدەگی ئاڵتونی عێراق بە گوێرەی راپۆرتەکانی بانکی ناوەندی، ١٣٢ تۆن و ٧٠٠ کیلۆیە و بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو ئاستی یەدەگی زێڕ بەرێژەی ١٠٪ زیادی کردووە کە بەرامبەرە بە ٣٣ ملیار و٨٨١ ملیۆن دۆلار.

هەر بەپێی راپۆرتەکان، عێراق لەسەر ئاستی جیهاندا پلەی حەوتەمی گرتووە بە کڕینی ١٢ تۆن و ٢٥٠ کیلۆ لەو کانزا زەردە و لیبیاش پلەی یەکەمی وڵاتانی عەرەبی هەیە بە کڕینی ٣٠ تۆن و ١٠٠ کیلۆ زێڕ.

هاوکات بانکی ناوەندی عێراقیش لە راپۆرتێکدا ئەوەی خستووەتە روو، گەشەی یەدەگی زێڕ لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەرێژەی ١٠٪ بووە و ئاستی هەڵاوسانیش بەرێژەی١.٢٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، لە ئێستاشدا بانکەکە خاوەنی ١٣٢ تۆن و ٧٠٠ کیلۆ زێڕە و بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ ئاستی داهاتی یەدەگی ئاڵتون بەرێژی ٣٣ ملیار دۆلار بەرزکراوەتەوە، لە ئێستاشدا لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیدا پلەی چوارەمی یەدەگی لەو کانزا زەردە هەیە.













گەلەری