سەردێڕ:

فرۆشی بانکی ناوەندی لە پێنج رۆژی رابردوودا چەند بووە؟

PM:05:53:02/02/2024

868 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا فرۆشی دۆلار زیاتر بووە لە یەک ملیار دۆلار و زیاتر لە ٦٩ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش بووە و زیاتر لە ٩٥.٤٪ ـی بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە.


ئەمڕۆ هەینی، بانکی ناوەندی عێراق لە رێی سەکۆی ئەلیکترۆنی خستنەرووی رۆژانەی دراوە بیانییەکان رایگەیاند، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا کە تەنها یەک رۆژی دەکەوێتە مانگی شوباتەوە تێکڕای فرۆشی دۆلار یەک ملیار و ٥٧ ملیۆن و ٨٦٢ هەزار و ٣١ دۆلار بووە و بەراورد بە دوو هەفتەی رابردوو ئاستی فرۆش ٧٪ کەمتر بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، فرۆشی کاش بەراورد بە دوو هەفتەی رابردوو بەرێژەی ٩٪ کەمتر بووە و بە تێکراش ٦٩ ملیۆن و ٧٠٨ هەزار دۆلار فرۆشراوە و لە بەرامبەریشدا رێژەی حەواڵە ٩٥.٤٪ تێکڕای فرۆشی پێک هێناوە.

باسی لەوەش کرد، تێکڕای فرۆشی حەواڵە بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی بەرامبەر بووە بە ٩٨٨ ملیۆن و ١٥٤ هەزار و ٣١ دۆلار ئەوەش دوای ئەوە هات کە بڕیاردرا بۆ دابینکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ گەشتیاران و بازرگانانی ناوخۆ و دەرەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ٢١ـی بۆ ٢٦ـی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بانکی ناوەندی بە تێکڕا یەک ملیار و ٨٢ ملیۆن و ١٣٨ هەزار و ٩٩٤ دۆلاری بە نرخی فەرمی فرۆشتووە و لەو ریژەیەش تێکڕای فرۆشی دۆلار بەشێوەی حەواڵە ٩٩٨ ملیۆن و ٣٥٨ هەزار و ٩٩٤ دۆلار بووە و بەرزترین رێژەی فرۆشی حەواڵەش لە رۆژی پێنجشەممە ٢٥ـی کانونی دووەم بووە و بەتێکڕا ٢٠٩ ملیۆن و ٤٨١ هەزار و ٧٣٢ دۆلاری فرۆشتووە.













گەلەری