سەردێڕ:

رێکخراوی فاو؛ نرخی ماددە خۆراکییەکان بۆ نزمترین ئاستی سێ ساڵی رابردوو دابەزیوە

PM:04:47:02/02/2024

1176 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، جگە لە نرخی شەکر بە تێکڕا لە مانگی رابردوودا نرخی ماددە خۆراکییەکان بە رێژەی ١.١٩٪ دابەزیوە کە بەرامبەرە بە نزمترین نرخ لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا.


ئەمڕۆ هەینی، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە 'فاو' لە راپۆرتی ساڵانەی نرخی ماددە خۆراکییەکان لە جیهاندا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی داتاکان لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا تێکڕای نرخی ماددە خۆراکییەکان لە جیهاندا ١١٩.١ خاڵ بووە و بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ نرخەکانیان ١.١٩٪ دابەزیون.

باسی لەوەش کردووە، شەکر تاکە ماددەی خۆراکی بووە کە لەو ماوەیەدا لە بەرزیدا ماوەتەوە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی دابینکردنی جیهانی بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی وەبەرهێنان و دابینکردنی کەرەستە خۆراکییەکان و بەتایبەت گۆشت و مریشک و دانەوێلە لە نزمترین ئاستدا ماونەتەوە.

ئەوەشی خستە روو، هەر لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، نرخی گۆشت مانگانە بە رێژەی ١٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و نرخی شیرەمەنییەکانیش بە رێژەی ١.٦٪بەرزبووەتەوە.

هاوکات سەبارەت بە نرخی دانەوێڵە ئەوەشی خستە روو، نرخی دانەوێڵە بەرێژەی ١.٥٪ بە تەنها لە مانگی کانونی دووەمدا نزمبووەتەوە بەهۆی دابینکردنی ١٢ ملیۆن تۆن دانەوێڵەی زیادە لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٢ نرخەکەی بەرێژەی ١٤.٥٪ بەرزبووەوە.

وتیشی، هەر لەو ماوەیەدا نرخی رۆنی رووەکی بەراورد بە ماددە خۆراکییەکانی دیکە گەورەترین دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە بەو پێیەی مانگانە بەرێژەی ١.٤٪ دابەزیوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ساڵی رابردوودا رێکخراوی فاو پلانێکی بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی راگەیاند، لە فراوانکردنی عەمبارکردنی گەنم و دانەوێڵەی ئۆکرانیا کە بەڕێژەی ١٠٪ـی پێویستی جیهان پڕدەکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بە بڕی ١١٥ ملیۆن دۆلار تۆوی دانەوێڵەی بەسەر جوتیارانی ئۆکرانیادا دابەشکرد.













گەلەری