سەردێڕ:

بانکی فیدراڵی رێژەی سووی بە جێگیری هێشتەوە؛ پێشهاتەکان چین؟

AM:09:05:01/02/2024

4728 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری بانکی فیدراڵی ئەمریکا رایگەیاند، رێژەی سوو بەجێگیری مایەوە بێ گۆڕانکاری، بەڵام دەکرێت لەگەڵ هەر پێشهاتێکدا رێژەی سوو لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا کەمبکرێتەوە. دەشڵێت، "سیاسەتی دراوی ئەمریکا ئامانجی خۆی پێکاوە بە بەرزکردنەوەی دەستکەوتەکان بە رێژەی ۲٪ بۆ هەر گۆڕانکارییەک."


جێرۆم پاوڵ بەڕێوەبەری گشتی بانکی فیدراڵی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پاش ئەوەی دەرهاویشتە ئابوورییەکان ئەوەیان دەرخست لە ۱۲ مانگی رابردوودا ئاستی هەڵاوسان بەرێژەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەکۆی دەنگی ئەندامانی یەدەگی فیدراڵی بڕیاردرا کە رێژەی سوودی بانکی بەجێگیری بمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بانکی فیدڕاڵی نزیکە لە ئامانجەکانی و لە ئایندەیەکی نزیکدا و بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی سیاسەتی دراو و سیستمی بانکی ئەمریکا؛ دەکرێت لە شەش مانگی داهاتوودا 'سیاسەتی دراو' ئاڕاستەیان بکات بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوو، ئەوەش دەبێتە هەنگاوێکی نوێ بۆ پاڵپشتیکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە.

باسی لەوەش کرد، "تاوەکو نەگەینە کۆتا قۆناغی گۆڕانکاری سەردەمیانە لە ئابووریی و دۆلاردا لە جیهان سەرکەوتنەکان باس ناکەین و تا کۆبونەوەی داهاتووی مانگی ئازاری ئەمساڵ چاودێری راپۆرتە داراییەکان دەکەین کە بڕیار دەدەن لەسەر دابەزاندنی سوو یاخود مانەوەی بە جێگیری."

دەشڵێت، "راپۆرتەداراییەکان ئەوەدەردەخەن کە لەبەردەم ۲٪ گۆڕانکاری ئابووریداین، لەم ساڵیشدا بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو چالاکی ئابووری پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە".

لەو بارەیەوە، شارەزایانی ئابووری ئەوە دەخەنەروو، گۆڕانکاری لە سیاسەتی دراوی ئەمریکا ئاڕاستەکانی ئابووری جیهانیی دەگۆڕێت، بەتایبەت دوای ئەوەی کە رێژەی سوو بەجێگیری مایەوە و لە ئێستاشدا بەهۆی وتارەکەی بانکی فیدراڵی بەرێژەی ۲٪ کاریگەری لەسەر بازاڕەکان دروستبووە.

ئاماژە بەوەشدەکەن، هێشتەنەوەی رێژەی سوودی بانکی ئەمریکا لە ئێستادا و تا ئاستێکی کورتخایەن کە باس دەکرێت لە شەش مانگی داهاتوودا لە بەرژەوەندی ئاڵتوون دەبێت، بەڵام گەر بەتەواوی بە جێگیری بمێنێتەوە لە بەرژەوەندی دراوی یۆرۆ دەبێت بەوەش دۆلار بەرامبەر بە یۆرۆ بەرێژەی ٠.٨ تا١.٣٪ دەکشێتەوە دواوە.













گەلەری