سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی

AM:08:25:31/01/2024

864 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارییەکانەوە بۆسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی هەشت هەفتەی رابردووی، لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٨٢ دۆلار و ٥٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە رۆژی رابردوو نرخەکەی ١٥ سەنت دابەزیوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی (تێکساس) بە ٧٧ دۆلار و ٦٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت بەراورد بە دوێنێ دووشەممە نرخەکەی ٥٣ سەنت بەرزبووەتەوە.

چەند رۆژی رابردوو، کۆمپانیای خزمەتگوزاری بانکی و دارایی ئەمریکا 'سیتی گروپ' رایگەیاند، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزببێتەوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بگاتە ٩٠ دۆلار.

بە گوێرەی داتا جیهانییەکان، بۆ دووەم هەفتە لەسەر یەک نرخی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی ٤.٥٪ بەرزبووەتەوە و نەوتی خاوی ئەمریکاش بەرەو بەرزبوونەوەی هەفتانە دەڕوات و بەڕێژەی ٤.٨٪.

لەلایەکی دیکەشەوە ئیدارەی زانیاری وزە رۆژی چوارشەممەی رابردوو رایگەیاند، بەهۆی داواکاری بەکارهێنانی نەوتی خاوەوە لە بەرهەمهێنانی وزەدا کۆگای نەوتی خاوی ئەمریکا ٩،٢ ملیۆن بەرمیل نەوت دابەزیوە، دوای ئەوەی کەشوهەوای زستان کاریگەری لەسەری هەبووە و بەو هۆیەشەوە نەوتی خاو بەراورد بە مانگێک لەمەوبەر زیاتر بەکارهاتووە

ئەوەش لە کاتێکدایە، رێکخراوی جیهانی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، ئاستی دابینکردنی نەوتی رۆژانە و ساڵانە پارێزراوە و بەردەوامیش دەبن لە کەمکردنەوەی بەرهەم هێنان و هەناردەکردن بۆ بازاڕەکانی جیهان تا مانگی ئازاری ئەمساڵ بە مەبەستی سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی جیهان.













گەلەری