سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بەرزیدا جێگیرە

AM:08:17:28/01/2024

1020 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی هیرشی گروپە چەکدارyیەکانەوە بۆسەر کەشتیەکی نەوت هەڵگر نرخی نەوت ماوەی دوو رۆژە بەرزبووەتەوە و لە ئێستادا بە گوێرەی پێنوێنی جیهانی لە بەرزترین ئاستی هەشت هەفتەی رابردووی خۆیدایە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برینت بە ٨٣ دۆلار و ٥٥ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی (تێکساس)ـش بە ٧٨ دۆلار و یەک سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت بەراوردا بە دوێنێ، نرخەکەی جێگیرە.
هاوکات، کۆمپانیای خزمەتگوزاری بانکی و دارایی ئەمریکا 'سیتی گروپ' رایگەیاند، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت لە چەند رۆژی داهاتوودا بگاتە ٩٠ دۆلار.

بە گوێرەی داتا جیهانییەکان، بۆ دووەم هەفتە لەسەر یەک نرخی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی ٤.٥٪ بەرزبووەتەوە و نەوتی خاوی ئەمریکاش بەرەو بەرزبوونەوەی هەفتانە دەڕوات و بەڕێژەی ٤.٨٪.

لەلایەکی دیکەشەوە ئیدارەی زانیاری وزە رۆژی چوارشەممەی رابردوو رایگەیاند، بەهۆی داواکاری بەکارهێنانی نەوتی خاوەوە لە بەرهەمهێنانی وزەدا کۆگای نەوتی خاوی ئەمریکا ٩،٢ ملیۆن بەرمیل نەوت دابەزیوە، دوای ئەوەی کەشوهەوای زستان کاریگەری لەسەری هەبووە و بەو هۆیەشەوە نەوتی خاو بەراورد بە مانگێک لەمەوبەر زیاتر بەکارهاتووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رێکخراوی جیهانی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، ئاستی دابینکردنی نەوتی رۆژانە و ساڵانە پارێزراوە و بەردەوامیش دەبن لە کەمکردنەوەی بەرهەم هێنان و هەناردەکردن بۆ بازاڕەکانی جیهان تا مانگی ئازاری ئەمساڵ بە مەبەستی سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی جیهان.













گەلەری