سەردێڕ:

لەماوەی یەک هەفتەدا؛ بانکی ناوەندیی زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری خستووەتە بازاڕەکانی ناوخۆوە

PM:06:51:26/01/2024

1000 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بە تێکڕا لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری بۆ بازرگانان و بازاڕەکانی ناوخۆ خستووەتە روو لەو رێژەیەش زیاتر لە ٩٠٠ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە.


ئەمڕۆ هەینی، بانکی ناوەندیی عێراق لە رێی سەکۆی خستنەرووی دراوە بیانییەکانەوە ئەوەی خستەروو، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردووی فرۆشی دۆلار بە تێکڕا یەک ملیار و ٨٢ ملیۆن و ١٣٨ هەزار و ٩٩٤ دۆلاری بە نرخی فەرمی فرۆشتووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، تێکڕای فرۆشی دۆلار بەشێوەی حەواڵە ٩٩٨ ملیۆن و ٣٥٨ هەزار و ٩٩٤ دۆلار بووە و بەرزترین رێژەی فرۆشی حەواڵەش لە رۆژی پێنجشەممە بووە و بەتێکڕا ٢٠٩ ملیۆن و ٤٨١ هەزار و ٧٣٢ دۆلاری فرۆشتووە.

باسی لەوەش کردووە، توانیویانە خواستی بازاڕەکانی ناوخۆ بۆ کاش تا ئاستێکی بەرچاو دابینبکەن و بەتێکڕاش ٨٣ ملیۆن و ٧٨٠ هەزار دۆلار خراوەتە روو کە بەتێکڕا بۆ هەر رۆژێک ١٦ ملیۆن و ٧٥٦ هەزار دۆلار دەکات.

هاوکات، بەراورد بە فرۆشی هەفتەی رابردوو ١٠ ملیۆن دۆلار فرۆشی دۆلار زیاتر بووە و لەو رێژەیەش سێ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش بووە.

لە هەفتەی رابردووشدا بانکی ناوەندیی بە تێکڕا ملیارێک و ٧١ ملیۆن و ٢٥٨ هەزار و ٤٧٠ دۆلاری فرۆشتووە کە بە تێکڕا دەکاتە ٢١٤ ملیۆن بۆ رۆژانە کە ٩٢٪ـی بەشێوەی حەواڵە بووە و ٨٪ـی بەشێوەی کاش بووە.













گەلەری