سەردێڕ:

بانکی ناوەندی رێژەی فرۆشی حەواڵەی دەرەکی زیادکرد

PM:02:13:25/01/2024

1152 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی لە خستنەڕووی ئەمڕۆدا زیاتر لە ٢٢٠ ملیۆن دۆلاری بە نرخی فەرمی خستووەتە بازاڕەوە و لەو رێژەیەش ٩٥٪ی بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە و رێژەیەکی کەمی بەشێوەی کاشبووە. هاوکات رۆژی رابردووش رێژەی فرۆشی حەواڵە ٩٣٪ی پێکهێنابوو.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندی لەڕێی سەکۆی فرۆشی دراوی بیانییەوە خستنەڕووی دۆلاری ئاشکراکرد و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ ٢٢٠ ملیۆن و ٢١ هەزار و ٧٣٢ دۆلاری فرۆشتووە و لەو رێژەیەش ٥٪ی کە بەرامبەرە بە ١٠ ملیۆن و ٥٤٠ هەزار دۆلار؛ بەشێوەی کاشبووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەمەبەستی دابینکردنی دۆلار بۆ بازرگانان و پاڵپشتیکردنی مامەڵەبازرگانییەکان بڕی ٢٠٩ ملیۆن و ٤٨١ هەزار و ٧٣٢ دۆلاری بەشێوەی حەواڵە فرۆشتووە کە بەرامبەرە بە ٩٥٪ـی تێکڕای فرۆشی ئەمڕۆ.

هاوکات، رۆژی رابردووش بانکی ناوەندی لە تێکڕای فرۆشدا ٩٣٪ی حەواڵەی پڕکردبووەوە بە ٢٠٣ ملیۆن و ١٠١ هەزار و ٥٤٤ دۆلار و لە بەرامبەریشدا تەنها ١٧ ملیۆن و ١٧٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاشبوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی رابردوودا بەهۆی هەڵکشانە سیاسیەکانی عێراق و کەمخستنەڕووی دۆلاری کاش لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، نرخی ١٠٠ دۆلار هەزار دینار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و لە ١٥٠ هەزار و ٧٥٠ دینارەوە بەرزبووەوە بۆ ١٥١ هەزار و ٧٥٠ دینار.













گەلەری