سەردێڕ:

بانکی ناوەندی رێکارێکی دیکەی بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار گرتەبەر

PM:03:05:23/01/2024

22824 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخی دۆلار و دۆلاری کاش هەژمارێکی نوێ دەکاتەوە بۆ بازرگانە بچوکەکان و لە هەژمارەکەدا تەنها رێگە بە کڕین و مامەڵەکردن بە ١٠٠ هەزار دۆلاری کاش دەدرێت. دەشڵێت، ئەگەر بازرگانان دۆلارەکانیان لە مامەڵەی بازرگانی ریگەپێنەدراودا بەکاربهینن سەرمایەکانیان بلۆک دەکرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، چاوگێک لە بانکی ناوەندی بە ئاژانسی هەواڵی بەغداد ئەلیەومی راگەیاند، بانکی ناوەندی بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی مامەڵەکردنی دۆلاری کاش کە لەلایەنە بازرگانە بچوکەکانەوە بەبەردەوامی رێژەیەکی زۆر دەکڕدرێتەوە، بانکەکە هەڵدەستێت بە کردنەوەی هەژمارێکی نوێ بۆیان کە تەنها دەتوانن رێژەیەکی دیاریکراو لە دۆلار بکڕنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بازرگانە بچوکەکان دەبێت سەردانی بانکی ناوەندی بکەن و داواکاری پێشکەشبکەن بۆ کڕینەوەی دۆلاری کاش کە نابێت لە ١٠٠ هەزار دۆلار زیاتربێت. دەشڵێت، "دەبێت ئەو بازرگانانەی کە داواکاری پێشکەشدەکەن پێشوەختە لە هەژمارێکدا دیناری عێراقی بگەڕێننەوە بۆ بانکەکانی عێراق بەمەبەستی پارەدارکردنی بانکەکان بە دیناری عێراقی."

باسی لەوەش کرد، لەکاتی دەستڕاگەیشتن بەو بڕە کاشەی دەیانەوێت هەر بازرگانێک دۆلارەکانی لە مامەڵەی بازرگانی ریگەپێنەدراودا بەکاربهینێت سەرمایەکەی بلۆک دەکرێت و بەرپرس دەبێت لە بەردەم بانکی نێودەوڵەتیی.

هاوکات ئەوەشی خستە روو، ئەم هەنگاوە هاوکار دەبێت لە گەڕانەوەی دۆلاری کاشی زیاتر بۆ ناو بازاڕەکانی ناوخۆ و کەمکردنەوەی رێژەی حەواڵەی دەرەکی بەوەش نرخی دۆلار نزیکدەبێتەوە لە نرخی فەرمی.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندی رایگەیاند، بەشێوەیەکی زنجیرەیی لەمساڵدا کۆتایی بە حەواڵەی ناوخۆیی و دەرەکی دەهێنن و هیچ نوسینگە و بانکێک ناتوانێت حەواڵە ئەنجامبدات و پێویستە بگەرێنەوە بۆ بانکی ناوەندی. دەشڵێت، "هەر بانکێک بیەوێت حەواڵە ئەنجامبدات پێویستە خۆی تۆمار بکات و تۆمارەکانی رادەستی بانکەکەمان بکاتەوە."













گەلەری